پێنتاگۆن: هێرشەکەی هێزەکانی ئەمەریکا لە دێرەزوور پەیوەندی بە ئۆپۆزسیۆنەوە نەبووە

بەرپرسێکی پێنتاگۆن، ڕایگەیاند، "شەوی ڕابردوو هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا هێرشێکیان بۆ بەرگریکردن لە خۆیان لە ناوچەی دێرەزوور کردووە"، بەبێ ئەوەی ئامانجی هێرشەکە ئاشکرا بکات.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا 'پێنتاگۆن' بە مەرجی ئەوەی ناوی ئاشکرا نەکرێت بە مێدیای حوڕەی گوت، "ئەو هێرشەی هێزەکانی ئەمەریکا پەیوەندی بە پێشڕەوییەکانی ئێستای هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریاوە نییە کە لەسووریا دژی هێزەکانی ڕژێمی ئەسەد دەیکەن".

گوتەبێژی ڕاگەیاندنی وەزارەتی بەرگری، پاتریک ڕایدەر، "داوای لە لایەنە شەڕکەرەکانی سووریا کرد، ئاڵۆزییەکانی سووریا کەم بکەنەوە".

ڕایدەر ڕۆژی دووشەممە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا جەختی لەوە کردەوە کە "ئەمەریکا هیچ پەیوەندییەکی بەو شتانە نییە کە لە سووریا ڕوودەدەن"، ئاماژەی بەوەش دا، هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە کەوتوونەتە بەر هێرشی مووشەکی، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە".