وەزیری دەرەوەی ئێران دێتە عێراق
دۆخی سووریا چەقی گفتوگۆکانی عراقچی دەبێت لەگەڵ بەرپرسانی عێراق
وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی بەغدا دەکات و دۆخی سووریاش چەقی گفتوگۆکانی دەبێت لەگەڵ بەرپرسانی عێراق.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە درێژەی سەردانەکانیدا بۆ ناوچەکە، دوای سووریا و تورکیا، بڕیارە دووسبەی هەینی، 06-12-2024، سەردانی بەغدا بکات و لە بارەی شەڕ و پێشکهاتەکانی سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ بەرپرسانی عێراق گفتوگۆ بکات.
ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی بڵاوی کردووەتەوە، عراقچی لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا بە تایبەت گفتوگۆ لەسەر دوا پێشهاتەکانی سووریا دەکات و بەو پێیەی لە سەردانەکەی دیمەشق ڕاستەوخۆ گفتوگۆی لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆکی ڕژێمی سووریا کردووە.
عراقچی لە دیمەشق و ئەنقەرە جەختی لە پشتیوانی بەردەوامی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ڕژێم و خەڵکی سووریا لە بەرەنگاربوونەوەی گرووپ و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا کردووەتەوە، ئەمەشی بەشێک لە ستراتیژییەتی پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەسف کردووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە سەردانەکەیدا بۆ ئەنقەرە، لەگەڵ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە و لە کۆنفرانسێکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سەردانەکەی بۆ ڕاوێژکردنە لەسەر پرسەکانی ناوچەکە، بەتایبەتی شەڕ و پێکدادانەکانی سووریا.
هەروەها ڕایگەیاندبوو، زۆرێک لە کێشەکانی ناوچەکە بەهۆی دەستێوەردانەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیلەوەیە، بە تایبەت ئەوەی ئێستا لە سووریا هەیە، گەڕانەوەی تیرۆریستان ئاسایشی وڵاتەکەی خستووەتە
مەترسی و بەردەوامبوونیشی ئاسایشی وڵاتانی دراوسێی سووریاش دەخاتە حاڵەتێکی نەخوازراو.