ڕوانگەی سووری بۆ کوردستان24: هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن تاوانی جەنگ بەرانبەر بە کوردانی حەلەب دەکەن
بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن تاوانی جەنگ بەرانبەر بە کوردانی حەلەب دەکەن و بێجگە لەمەش ناچاریان دەکەن ئاوارەی عەفرین و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی تورکیا ببن.
چوارشەممە، 04-12-2024، ڕامی عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە کاتی بەشداریی لە بووڵتەنی کاتژمێر 01:00ـی کوردستان24؛ ئاماژەی بەوە دا "ژمارەیەک گرووپی چەکداری سەر بە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کە تورکیا پشتیوانییان دەکات، لە حەلەب تاوانی جەنگیان بەرانبەر بە هاووڵاتییانی کورد دەکەن"." گوتیشی، "ئەو گرووپانە هاووڵاتییانی کورد ناچار دەکەن ئاوارەی عەفرین و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی تورکیا ببن بۆ ئەوەی بڵێن بە ئارەزووی خۆیان گەڕاونەتەوە."
بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕاشیگەیاند "دەبێت هێزێک بەرگریی لە هەردوو گەڕەکە کوردییەکەی حەلەب (شێخ مەقسوود و ئەشفرەفییە) بکات، چونکە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن خەڵكی ئەو دوو گەڕەکە ناپارێزن، بەڵکوو ڕۆژانە ئەشکەنجەیان دەدەن."
وەکوو ئەوەی ڕامی عەبدولرەحمان باسی کرد "شەوی ڕابردوو دەستەی تەحریری شام و لایەنگرانی هەوڵیان دا پێشڕەوی بۆ ناو شاری حەما بکەن، بەڵام سوپای سووریا بە هاوکاریی فڕۆکە جەنگییەکان، توانی ڕێگریی لە پێشڕەوییەکە بکات و بە دووراتی 15 کیلۆمەتر هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنیان لە شارەکە دوورخستووەتەوە."
سوپای سووریا، وەکوو ئەوەی ڕامی عەبدولرەحمان باسی کرد "ئامادەکاریی بۆ هێرشی پێچەوانەوە بۆ سەر هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەکات و لەوانەیە لە هەر کاتێکدا ئەو هێرشە دەست پێ بکات." گوتیشی "لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕەکە، 650 کەس لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن، سوپای سووریا و هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون."