سوودانی گەیشتە پەرلەمانی عێراق

سوودانی لەنێو باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق
سوودانی لەنێو باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق

بە مەبەستی بەشداریی لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ گەیشتە پەرلەمانی عێراق. 

کاتژمێر 02:30 خولەکی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 04-12-2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بە یاوەری وەزیرانی پلاندانان، ناوخۆ و دەرەوە گەیشتە پەرلەمانی عێراق و لەلایەن مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانەوە پێشوازایی لێ کرا. 

ئەمە لە کاتێکدایە، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، پەرلەمانی عێراق بە میوانداریی سەرۆک وەزیران محەممەد شیاع سوودانی کۆ ببێتەوە و گفتوگۆ و دەنگدان لەسەر چەند پرۆژە یاسایەک بکات.

بە گوێرەی کارنامەی بڵاوکراوە، بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە بە میوانداری سوودانی دەست پێ دەکات و لە بڕگەی دووەم ماددەی 36ـی پرۆژە یاسای دەزگای هەواڵگری نیشتمانی لەلایەن لیژنەی ئاسایش و بەرگری دەخرێتە دەنگدان.

بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تایبەتە بە دەنگدان لەسەر هەمواری یەکەمی ماددەی پێنجەمی یاسای پاسەپۆرت ژمارەی 32ـی ساڵی 2015.

هەر لە درێژەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا، لە بڕگەی چوارەم کە تایبەتە بە خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یەکەمی پرۆژە یاسای ژمارەی 13ی ساڵی 2023ـی تایبەت بە بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵانی 2023 – 2024 – 2025 دەکرێت، کە لەلایەن لیژنەی داراییەوە پێشکەش کراوە.

دوا بڕگەی کۆبوونەوەکەش، خوێندنەوەی دووەمە بۆ پێنجەمین هەمواری پرۆژە یاسای فڕۆکەوانی مەدەنی بە ژمارە 14ـی ساڵی 1974 کە لەلایەن لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەکان ئامادە کراوە.