دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ سبەی هەڵگیرا

پەرلەمانی عێراق
پەرلەمانی عێراق

 پەرلەمانی عێراق دانیشتنی خۆی لەسەر سێ پرۆژە یاسا بۆ سبەی هەڵگرت.

چوارشەممە 4ـی کانوونی یەکەمی 2024، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ خوێندنەوەی دووەمی پرۆژە یاسای هەموارکردنەوەی بوودجەی ساڵەکانی دارایی 2023 و 2024 و 2025، بەبیانووی ئامادەنەبوونی وەزیری دارایی و ئابووری نەکرا کە بڕگەی(ج) لەبەندی دووەم، ماددەی 12 لە یاسای بوودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵەکانی 2023، 2024،2025، ژمارە 13ـی ساڵی 2023 هەڵدەوەشێتەوە، بۆ سبەی دواخرا.

ڤیان سەبری  گوتیشی: بەپێی ئەو هەمووارە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ قەرەبووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە لە خەرجی سیادی لە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی بڕە نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی کوردستان کە لەلایەن سۆمۆوە، یاخود وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بەپێی بڕگەکانی(ا،ب) بەپێی ئەو بەندە وەردەگیرێت، بۆ ئەوەی هەژماری تێچووی خەمڵێندراوی یەکسان و دادپەروەر بۆ وەبەرهێنان و گواستنەوەی لەهەر کێڵگەیەکی نەوت لەلایەن لایەنێکی ڕاوێژکاری نێودەوڵەتی کە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دیاریی دەکات بە هاوبەشی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لەماوەی 60 ڕۆژدا لە ڕۆژی دەرچوونی ئەو یاسایە، لە حاڵەتێک ئەگەر لەو ماوەیە نەگەنە ڕێککەوتن، ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی ئەو لایەنە ڕاوێژکارییەی بۆ دیاریی دەکات.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، ڤیان سەبری گوتی: بەپێی هەردوو بڕگەی(ا،ب)، دەستبەجێ نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی کوردستان دەدرێتە کۆمپانیای سۆمۆ، یاخود وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، قەرەبووی تێچووی وەبەرهێنان و گواستنەوەی ئەو نەوتە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵییەوە وەکو سولفە بە تێکڕای 16 دۆلار بۆ یەک بەرمیل نەوت کە دەکرێ دواتر  لایەنی ڕاوێژکاریی هونەریی پسپۆر پاکتاوی بکات بەپێی ناوەڕۆکی ژمارە یەک لەو بڕگەیە، دەشڵێت: ئەو بڕیاڕە جێبەجێ دەکرێت لە ڕۆژ و ڕێککەوتی بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەیەکی فەرمی.