وەزارەتی ناوخۆ کارەبای کۆگاکانی وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە کوردستان دەکاتە وزەی خۆر
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پڕۆژەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ ئاژانسی فیدراڵیی ئەڵمانی بۆ هاوکاریی تەکنیکی، کارەبای تەواوی کۆگانی وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی لە هەرێمی کوردستان لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کردە وزەی خۆر.
چوارشەممە، 4ـی کانوونی یەکەمی 2024، ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "مەبەست لە پڕۆژەکە بەردەستکردنی کارەبای 24 کاتژمێریی و سوود وەرگرتنە لە ووزەی خۆر بۆ بەگەڕخستنی کارەبای کۆگان کە بۆ هەر کۆگایەك بڕی 100 ئەمپێر بە وزەی خۆر دابین کراوە و تێچووی پڕۆژەکە بڕی 220 هەزار دۆلارە."
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی سیستەمی وەڵامدانەوەی قەیران و کارەساتەکان، بە هاوبەشی لەگەڵ حکوومەتی ئەڵمانیا و ئاژانسی فیدراڵیی ئەڵمانی بۆ هاوکاری تەکنیکی، بەردەوامە لە دروستکردنی لۆجیستیك سەنتەر کە کۆگای وەڵامدانەوەی قەیران و کارەساتەکانە، بۆ ئەم ساڵ لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان دروست دەکرێت، تاکوو ئێستا پێنج کۆگا کە هەریەکەیان لەسەر ڕووبەری 2500مەتر دووجابۆ 6500 مەتر دووجا، تێیدا کەلوپەلی بەهاناوەچوون بۆ بارودۆخە لە ناکاوەکان هەڵدەگیرێت.