ئەمەریکا 36 دامەزراوە و کەشتی بەهۆی گواستنەوەی نەوتی ئێران سزادا
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، سزایان بەسەر 36 دامەزراوە و کەشتیدا سەپاندووە کە هاوکاری گواستنەوەی نەوتی ئێرانیان کردووە.
چوارشەممە 4ـی کانوونی یەکەمی 2024، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، سزایان بەسەر 36 دامەزراوە و کەشتیدا سەپاندووە کە هاوکاری گواستنەوەی نەوتی ئێرانیان کردووە، ئاماژە بەوەش دەکات کە ئێران داهاتی نەوت بۆ پڕۆگرامی ئەتۆمی، مووشەک، درۆن، پشتیوانیکردنی گرووپ و هاوبەشە تیرۆریستەکانی و نانەوەی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکاردەهێنێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا هاتووە، ئەمەریکا پابەندە بە کەمکردنەوەی سەرچاوەکانی داهاتی ئێران کە لە چالاکییە شەڕانگێزییەکانیدا بەکاریدەهێنێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، تا ئەو کاتەی ئێران داهاتی وزەی خۆی بۆ هێرشەکردنە سەر هاوپەیمانەکانمان و پاڵپشتیکردنی تیرۆریزم لە سەرانسەری جیهان و ناسەقامگیرکی تەرخان بکات، ئێمە بەردەوام دەبین لە بەکارهێنانی هەموو ئەو ئامرازانەی لەبەردەستماندان بۆ بەرپرسیاردانانی ڕژێمی ئێران.