سۆران عومەر بۆ سوودانی: گرووپە چەکدارەکان نەوتی کەرکووک بە قاچاخ هەناردە دەکەن

سۆران عومەر، لەنێو پەرلەمانی عێراقدا بە سەرۆک وەزیران سوودانی ڕاگەیاند، گرووپە چەکدارەکان ڕۆژانە زیاتر لە 100 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک بە قاچاخ هەناردەی وڵاتانی دراوسێ دەکەن.

سۆران عومەر، ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی لە پەرلەمانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەی دوێنێ چوارشەممە، 04-12-2024ـی پەرلەمان کە سەرۆک وەزیران محەمەد شییاع سوودانیش ئامادەی بوو، باسی لە بەقاچاخبردنی نەوتی عێراق لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە کرد، لە نێویشیاندا 100 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک و بە قاچاخبردنی بۆ وڵاتانی دراوسێ. 

سۆران عومەر بە سوودانی گوت: "من ڕوونکردنەوەیەکم بۆ قسەکانتان هەیە کە باسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستانتان کرد، ڕوونکردنەوەکەی من دەربارەی ئەو نەوتەی بە قاچاخ دەبرێت لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە، ئەو گرووپە چەکدارانەی لای بەڕێزتان و هەموولایەک ناسراون، لەنێویشیاندا 100 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لە کەرکووکەوە بە قاچاخ دەبەنە وڵاتانی دراوسێ."