سوودانی: پرسی سیخوڕیی لە ئەنجوومەنی وەزیران 'درۆی سەدە' یە
محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دوێنێ چوارشەممە، لە کۆبوونەوەی پەرلەمان ئامادە بوو، بەڵام کاتێک باسی پرسی "سیخوڕی و گوێگرتن" لەناو ئەنجوومەنی وەزیران کراوە، سوودانی بەوقسەیە تووڕە بووەو گوتوویەتی: ئەوە "درۆی سەدە"یە.
بەگوێرەی گرتە ڤیدیۆیەک دەرکەوتووە، کاتێک لە پەرلەمان پرسی سیخوڕی و گوێگرتن و هەموو ئەو کێشانە وروژێنراون، سوودانی وەڵامی داوەتەوە گوتوویەتی "دەتوانم بە دڵنیاییەوە بڵێم کە درۆی سەدەیە."
ئاماژەی بەوەش کرد "دۆسییەکە لەبەردەم دەسەڵاتی دادوەرییە و ئێمە ڕێز لە دەسەڵاتی دادوەریی سەربەخۆ و بێلایەن و دادپەروەرانەی خۆمان دەگرین، ڕێز لە بڕیاری دەسەڵاتی دادوەری دەگرین بۆ لێکۆڵینەوە لەو فەرمانبەرانە و چاوەڕێی ئەنجامەکانی دەکەین." گوتیشی: "بەڵام وەک داتای بەردەست، هیچ بابەتێکی لەو شێوەیە نییە."
لە کۆتایی مانگی ئابی ڕابردوو مێدیا ناوخۆییەکان و پەرلەمانتارانی عێراق بڵاویان کردەوە، فەرمانبەرانی نووسینگەی محەممەد شییاع سوودانی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بەسەر بەرپرسە باڵاکانەوە دەستگیر کراون.
دوێنێ چوارشەممە، محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەشداریی دانیشتنی پەرلەمانی عێراقی کرد، بۆ قسەکردن لەسەر هەندێک دۆسیەی ئابووری و ئەمنی و خزمەتگوزاریی، هاوکات سۆران عومەر، ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی لە پەرلەمانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا بە سوودانی گوت: "من ڕوونکردنەوەیەکم بۆ قسەکانتان هەیە، کە باسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستانتان کرد، ڕوونکردنەوەکەی من دەربارەی ئەو نەوتەیە کە بە قاچاخ دەبرێت لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە، ئەو گرووپە چەکدارانەی لای بەڕێزتان و هەموولایەک ناسراون، لەنێویشیاندا 100 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لە کەرکووکەوە بە قاچاخ دەبەنە وڵاتانی دراوسێ."