فێستیڤاڵی هەنار لە هەولێر دەکرێتەوە و سێ ڕۆژ بەردەوا دەبێت
ئەمڕۆ فێستیڤاڵی هەنار لە بەردەم پاڕکی شانەدەر لە هەولێر دەکرێتەوە، ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، کە چەندین بەرهەمی ناوخۆیی و کوردەواری تێیدا نمایش دەکرێت.
ئەمڕۆ هەینی، 6-12-2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "فێستیڤاڵی هەنار لە هەولێر دەکرێتەوە، کە جووتیارانی هەرێمی کوردستان بەبەرهەمەکانیان تێدا بەشدارن".
گوتیشی "چەندین جۆر خواردن و بەرهەمی کوردەواری و هەنگوین لەو پێشانگەیە نمایش دەکرێت"، دەشڵێت: "فێستیڤاڵەکە ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە بەیەکسانی زەمینەی بۆ جووتیاران خۆشکردووە، هەروەها هانیان دەدات بۆ زیادکردنی بەهەمی ناوخۆیی بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆیی".
ئومێد خۆشناو باسی لەوەش کرد، "ساڵانە فێستیڤاڵی بەرهەمە ناوخۆییەکان لە سنووری هەولێر دەکرێتەوە، فێستیڤاڵی ئەمساڵیش ناوی 'هەنارە' بەڵام بەرهەمەکانی دیکەی ناوخۆیی و هەنگوینیش تێیدا نمایش دەکرێت".