سیپان شێروانی: وەزارەتی نەوتی عێراق خۆی لە ناردنی نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان دەدزێتەوە

سیپان شێروانی ئەندام پەرلەمان عێراق رایگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە نووسراوی فەرمی داوای لە وەزارەتی سامانی سروشتی کردووە پەلە بکەن لە ناردنی نەوتی سپی ماڵان، بەڵام وەزارەتی نەوتی عێراق تا ئێستا هیچ رێکارێکی نەگرتووەتە بەر و خۆی لە بەرپرسیارێتی دەدزێتەوە، هاوکات دەنگۆیەکی زۆر لەبارەی ئەگەری گۆڕینی وەزیری نەوتیش هەیە.

چوارشەممە، 28ی تشرینی یەکەمی 2026، سیپان شێروانی لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 12ی کوردستان24 رایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوی فەرمی داوای لە وەزارەتی نەوتی عێراق کردووە پەلە بکەن لە ناردنی نەوتی سپی ماڵان بۆ کوردستان بەو پێیەی وەرزی سەرما لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێم دەستی پێکردووە.

هەروەها گوتیشی لە کۆبوونەوەی کۆتایی شاندی وەزارەتی نەوت لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە زاخۆ دووبارە ئەو بابەتە باس کراوە و داوا کراوە پەلە بکرێت لە ناردنی نەوتی سپی، بەڵام بە داخەوە وەزارەتی نەوتی عێراق هیچ رێکارێکی نەگرتووەتە بەر تاوەکوو ئێستا و خۆی لە بەرپرسیارێتی دەدزێتەوە و ئەوەش پێشهاتێکی نوێ نییە.

گوتیشی: "لە هەفتەدا سەردانی چەند بەرپرسێکی وەزارەتی نەوتی عێراقم کرد و باسی ئەو بابەتەمان کرد و ئەوان دەڵێن تا ئێستا نەوتمان نەناردووە چونکە بەتاماین مۆدێلی پێدانی سووتەمەنی بگۆڕین، و هیچ کەسێک تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەو بارەیەوە نییە و نەگەیشتووەتە پەرلەمان کە ئەو مۆدێلە چۆنە و بە نیازی چین."

هەروەها سیپان شێروانی ئاماژەی بەوەش دا، وەزیری نەوتی عێراق لە ئاست داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان بێدەنگە و تەنانەت کێشەی بەنزینیش، کە ئەندام پەرلەمانەکانی کوردستان داوایان کردبوو پشکی هەرێمی کوردستان بۆ 14% لە بەرهەمە نەوتییەکان زیاد بکرێت و بە زارەکی بەڵێنیان وەرگرت، بەڵام بە کردەوە هیچ هەنگاوێک نەنراوە.

سیپان شێروانی جەختی کردەوە: "مافی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە کە سووتەمەنییان بۆ دابین بکرێت، بەڵام دەبێت وەزیری نەوتی عێراق ناچار بکەین کە پابەند بێت بە دەستوور." سەبارەت بە بانگهێشتکردنی وەزیری نەوت بۆ پەرلەمان، رایگەیاند کە بڕیار بوو سبەی لێژنەکەیان لە پەرلەمان بە فەرمی وەزیری نەوت بانگهێشت بکاتەوە، بەڵام ئەمڕۆ نووسینگەکەی وەڵامی داوینەتەوە کە ناتوانێت ئامادە بێت و دەچێتە دەرفەتێکی دیکە.

ناوبراو ئاشکراشی کرد کە دۆخی وەزیری نەوت زۆر خراپە و نە سەرۆکوەزیران، نە ئەنجوومەنی وەزیران، نە پەرلەمانتاران و نە حزبە سیاسییەکان هیچ کەس لە وەزیری نەوت رازی نییە، و دەنگۆکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە وەزیری نەوتی عێراق دەگۆڕدرێت. تەنانەت لایەنە شیعی و فراکسیۆنە گەورەکانیش لێی رازی نین و نەیتوانیوە لەو ماوەیەدا سەرکەوتوو بێت، جگە لەو لایەنە کوردستانییانەی کە بە شێوەیەکی خۆبەخش بوونەتە پارێزەری وەزیرەکە، ئەوانەی دەیانگوت ئەگەر 50 هەزار بەرمیل نەوت بنێرێتە کوردستان، بەغدا کوردستان نوقمی بەنزین دەکات.

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە 18ـی ئەم مانگەوە نووسراوی فەرمی ئاڕاستەی وەزارەتی نەوتی عێراق کردووە و داوای 286 ملیۆن لیتر نەوتی سپی کردووە بۆ ئەوەی هەر خێزانێکی هەرێمی کوردستان یەک بەرمیل نەوت وەربگرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا عێراق وەڵامی ئەو نووسراوەی نەداوەتەوە و دیاریش نییە کەی وەڵامی داواکارییەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەداتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، نزیکەی دوو هەفتەیە وەزارەتی نەوتی عێراق دەستی بە پڕۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی کردووە لە شارەکانی عێراق، لەکاتێکدا هێشتا بارانبارین دەستی پێنەکردووە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بەتایبەت ناوچە شاخاوییەکان خەریکە بەفر دەبارێت.

کوردستان24 زانیوویەتی وەزارەتی نەوت زیاتر لە 200 ملیۆن لیتر نەوتی سپی تەنیا لە کۆگاکان هەیە و هەر کاتێکیش بیەوێت دەتوانێت بە سەدان ملیۆن لیتر نەوتی سپی لە پاڵاوتگەکانەوە بپاڵێوێت. هاوکات کوردستان24 پەیوەندی بە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە کردووە و پێیان راگەیاندین، کە چاوەڕوانی وەڵامی وەزارەتی نەوتن، و لە ئەگەری بەدەمەوەنەهاتنی وەزارەتی نەوت، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە بازاڕی ئازاد نەوتی سپی دەکڕێت و بە نرخی پاڵپشتیکراو بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشی دەکات.