نووری مالیکی: عێراق و حەشدی شەعبی لەسەر دۆخی سووریا بێلایەن نابن
ئەمڕۆ هەینی، 6-12-2024، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نووری مالیکی ڕایگەیاند، ڕووداوەکانی سووریا سەرەتای پڕۆژەیەکی نوێی تیرۆریستیە و پێویستە عێراق بپارێزین.
نووری مالیکی لە پاریزگای نەجەف ڕایگەیاند، "عێراق بە چەندین قەیراندا تێپەڕیوە، بەڵام توانیمان بە ئەزموونێکی سەرکەوتوو ئەم خاکە بپارێزین"، گوتیشی: "تاوانبار ئەبو محەممەد جۆلانی، کە هەڵساوە بە تاقیکردنەوەی ئەزموونێکی نوێی تیرۆر، داوای کردووە حەشدی شەعبی نەچێتە سووریا، بەڵام ئێمە بێلایەن نین و لە هەر شوێنێک بێت شەڕ دەکەین".
مالیکی ئاماژەی بەوەش کرد، "ڕووداوەکانی سووریا تەنها سەرەتای پڕۆژەیەکی نوێیە و دەبێت عێراق لە ڕێگەی یەکێتی نیشتمانییەوە لە شانە نووستووەکان بپارێزین، چونکە تەواوی گەلی عێراق لەگەڵ پاراستنی وڵاتە، هەر پرۆژەیەکی تیرۆریستی ڕەنگە زیان بە عێراق بگەیەنێت".
، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا جەختی کردەوە، "سوپاکەمان و حەشدی شەعبی و دەزگای دژە تیرۆر و کورانی عەشیرەتیەکانمان توانای پاراستنی عێراقیان هەیە، ئێمە خیانەت ناکەین".
ئەو لێدوانەی مالیکی لەکاتێکدایە کە دوێنێ پێنجشەممە، 5-12-2024، ئه‌بو محه‌ممه‌د جۆلانی سه‌ركرده‌ی ده‌سته‌ی ته‌حریر شام، له په‌یامێکی ڤیدیۆییدا، داوای له محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كرد، خۆی له ململانێ و ئاڵۆزییه‌كانی سووریا به دوور بگرێت و ده‌ستوه‌ردان له شه‌ڕ و ڕووداوه‌كان نه‌كات.
ئه‌بو محه‌ممه‌د جۆلانی، داواشی لە سوودانی کرد، ڕێگه به چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی نه‌دا خۆ بكوتنه ناو خاكی سووریا و ده‌ستوه‌ردان له ڕووداوه‌كان بكه‌ن. جه‌ختیشی كرده‌وه، شه‌ڕ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كانی ئێسته‌ی سووریا بۆ ناو خاكی عێراق درێژ نابنه‌وه.