سوودانی: هەڵوێستی عێراق نەگۆڕە و لەگەڵ یەکڕیزی و سەقامگیری سووریادایە

سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە و گوتی: هەڵوێستی فەرمی و نەگۆڕی عێراق لەگەڵ یەکڕیزی و ئاسایش و سەقامگیری سووریایە.

ئەمڕۆ هەینی، 6-12-2024، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە".

لە میانی دیدارەکەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ئاڵۆزیی و ڕووداوەکانی ناوچەکە تاوتوێ کرا، بەتایبەتی ئەوەی لە ئێستادا لە سووریادا ڕوودەدات، هەروەها سوودانی دووپاتی کردووەتەوە کە "هەڵوێستی فەرمی و نەگۆڕی عێراق لەگەڵ یەکڕیزی و ئاسایش و سەقامگیری سووریایە"، جەختی کردەوە "گرنگە ڕێز لە سەروەری خاکی سووریا بگیرێت".

سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوەش کردووە، "عێراق بەردەوام دەبێت لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی لە پێناو چارەکردنی قەیرانی سووریا، ئەمەش بەهۆی ئەو کاریگەرییانەیە کە لەسەر ئاسایشی عێراق هەیەتی"، ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەوەی لە سووریا ڕوودەدات جیاناکرێتەوە لەو ڕووداوانەی لە غەززە و لوبنان روویان داوە کە هەڕەشە لە سەقامگیریی و ئاسایشی ناوچەکە دەکات".