سەرۆکی پێشووی ئۆکرانیا: پێویستە زێلێنسکی بوەستێت لە بەکوشتدانی سەربازەکانی

پیتەر پۆرۆشینکۆ، سەرۆکی پێشووی ئۆکرانیا دانی بەوەدانا کە هێزەکانی ئۆکرانیا سەربازەکانیان لە هێرشە دۆڕاوەکان بە کوشتن دەدەن، لەوبارەوە هۆشداری دایە زێلێنسکی گوتی: بوەستە لە لەدەستدانی خاکی ئۆکرانیا.

ئەمرۆ هەینی، 6-12-2024، پیتەر پۆرۆشینکۆ سەرۆکی پێشووی ئۆکرانیا لە چوارچێوەی بەرنامەی ئەنجوومەنی ئەتڵەسی گوتی "دەبێت واز لە بەکارهێنانی گەلی ئۆکرانیا بهێنین کە وەک ئامرازی هێرشکردن بەکاردەهێنرێت، چونکە بۆ ئێمە سەربازەکان بەنرخترین سەرچاوەن، زۆر لە تانک و فڕۆکە و مووشەکەکان و لەهەمووشتێک بەنرخترن"، دەشڵێت: "هیچ هۆکارێک نییە ئێمە سەربازەکانمان بنێرینە جەنگێکی پێشوەختە دۆڕاو، هەروەها سەربازەکان دەترسن لەوەی فەرماندەکانیان لەلەدستدانی پێگەکانیان ئاگادار بکەنەوە".  

پۆرۆشینکۆ جەختی لەوەش کردەوە، "چارەسەر ئەوەیە واز لە فەرمانی هێرشکردن بهێنرێت، چونکە ئۆپەراسیۆنی هێرشکردن لێکەوتەی نەرێنی دەبێت باجی دەوێت".

سەرۆکی پێشووی ئۆکرانیا داواشی لە ئەمەریکا کردووە، بەدرێژایی 15 کیلۆمەتر مین بچێنێت تاوەکوو ڕووسیا نەتوانێت پێشڕەوی بکات.