ئەمەریکا و کەنەدا داوا لە هاووڵاتییەکانیان دەکەن بە زووترین کات سووریا جێبهێڵن
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا داوا لە هاووڵاتییەکانی دەکات بە زووترین سووریا بەجێ بهێڵن. باس لەوەش دەکات بەهۆی ئاڵۆزی و پەلاماری گرووپە چەکدارەکانەوە دۆخی سووریا ئاڵۆزە و ناتوانرێت پێشبینی بکرێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا داوا لە هاووڵاتیەکانی دەکات، تا ئەوکاتە دەرفەتی گەشت کردن لە فڕۆکەخانەی دیمەشقەوە هەیە ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە و سووریا بەجێ بهێڵن.
هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی کەنەداش لەلایەکی دیکەوە داوا لە هاووڵاتییەکانی دەکات بە زووترین کات سووریا بەجێ بهێڵن.
دوێنێ باڵیۆزخانەی عێراق لە دیمەشق لە پەیامێکدا، داوای لەو هاووڵاتییە عێراقیانە کردووە کە خواستی گەڕانەوەیان بۆ عێراق هەیە، پەیوەندیی بە باڵیۆزخانەوە بکەن بەمەبەستی تۆمارکردنی ناوەکانیان.
هەروەها باڵیۆزخانەی ڕووسیاش لە سووریا داوای لە هاووڵاتییانی ڕووس دەکات دیمەشق ناوچەکانی دیکەی سووریا جێبهێڵن و بگەڕێنەوە ڕووسیا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێت: بەهۆی شڵەژان و تێکچوونی دۆخی سیاسی و سەربازی لە سووریا، باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە دیمەشق داوا لە سەرجەم ئەو هاووڵاتییە ڕووسانە دەکات لە سووریا دەژین، ئەگەر ئارەزووی گەڕانەوەیان بۆ ڕووسیا هەیە، ئەوە دەرفەت ڕەخسێندراوە کە بەگەشتی بازرگانی لە فڕۆکەخانەی دیمەشقەوە بۆ مۆسکۆ بگەڕێنەوە.
دوای هێرشی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا و کۆنترۆڵکردنی پارێزگاکانی حەلەب و حەما و کشانەوەی سوپای ڕژێمی سووریا بەبێ بەرگری، ئێستا پێشڕەوییەکانی چەکدارانی تەحریرولشام گەیشتوونەتە شاری حومس کە دەکەوێتە باکووری دیمەشق و بە گوێرەی پێشبینییەکان، ئەگەر هەیە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن حومسیش داگیر بکەن.