تورکیا بۆ ئەمەریکا: دەبێت ئەسەد ڕاستییەکان ببینێت

تورکیا لەبارەی 'چەکی کیمیایی دەستی ئەسەد' پەیامێک ئاراستەی ئەمەریکا دەکات

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و هاوتا ئەمەریکاییەکەی ئەنتۆنی بلینکن
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و هاوتا ئەمەریکاییەکەی ئەنتۆنی بلینکن

وەزیری دەرەوەی تورکیا بە هاوتا ئەمەریکاییەکەی ڕاگەیاند "دەبێت ڕێکاری تایبەت لەبارەی چەکە کیمیاوییەکانی دەست ڕژێمی ئەسەد بگیرێتە بەر" و دووپاتی کردەوە "دەبێت ڕژێم ڕاستییەکان ببینێت."

ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵۆ، لەسەر زاری ژمارەیەک سەرچاوەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بڵاوی کردووەتەوە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بە تەلەفۆن، دوا پەرەسەندنەکانی سووریای لەگەڵ هاوتا ئەمەریکییەکەی ئەنتۆنی بلینکن، تاوتوێ کردووە. 

هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوە کردووە، وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی لەوە کردووەتەوە "پێویستە ڕێگە نەدرێت ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان کەڵک لە ئاڵۆزییەکانی سووریا وەربگرن."

وەزیری دەرەوەی تورکیا وێڕای وەبیرهێنانەوەی ئەوەی "نابێ هەڵەکانی ڕابردوو دووبارە بکرێنەوە" جەختی لەوە کردەوە "لەم قۆناغەدا دەبێت ڕژێم ڕاستییەکان ببینێت و بەو پێیە بجوولێتەوە و لەگەڵ ئۆپۆزسیۆندا گفتوگۆ بکات و ڕەوتی سیاسی بگرێتە بەر و هەموو ئەکتەرەکانی ناوچەکەش بەو ئاراستەیە هەنگاو بنێن."

وەکوو ئەوەی ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵۆ باسی کردووە، فیدان، بە بلینکنی گوتووە "گرنگە ڕێکاری تایبەت لەبارەی چەکە کیمیاوییەکانی دەست ڕژێمی بەشار ئەسەد بگیرێتە بەر، چونکە بۆ هەموو ناوچەکە مەترسیدارە."