کارەبای عێراق کەم دەبێتەوە و هاووڵاتییان ناڕەزایی دەردەبڕن

بەغدا
بەغدا

ماوەی چەند رۆژێکە هاوڵاتیانی عێراق بەهۆی کەمی و نەبوونی کارەبایی نیشتیمانییەوە دەناڵێنن وکار گەیشتووەتە ئەوەی مامۆستایانی ئایینی لە وتاری هەینی باسی کەمی و نەبوونی کارەبا بکەن.

هۆکاری ئەم بێ کارەباییەش، بۆ کەمی دابینکردنی گازی سروشتی لە ئێرانەوەیە کە بەشێک لەوێستگەکانی بەرهەمێنانی کارەبا لە عێراق بەهۆیەوە وەستان، کێشەی بێ کارەبایی بەتایبەتی بەغدای پایتەختی عێراقی گرتووەتەوە.

کەمبوونەوە ونەبوونی کارەبا، ناڕەزایی لەشەقامی عێراقی دروستکردووە، هاوڵاتییان لەڕێگای تۆڕەکۆمەڵاتییەکانەوە گلەیی خۆیان لە کەمی و نەبوونی کارەبا دەردەبڕن.

ئەحمەد موسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند: کەمی دابینکردنی گازی سروشتی ئێران بەبڕی 50ملیۆن مەترسێجا لە رۆژێکدا، بووەتە هۆی وەستانی تەواوی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە بەغدا.

ئەو دەڵێت: ئەم کێشەیە بۆ کەمی سووتەمەنی و تایبەتی کەمبوونەوەی گازی ئێران دەگەڕێتەوە، چونکە وەک خۆی ئاماژەی پێیدا، ئێران گرێبەستی پێنج ساڵەی لەگەڵ عێراق هەیە بۆ دابینکردنی گازی سروشتی، بەڵام ئێران پابەندی ئەو رێککەوتنە نەبووە کە هەمانە.

عێراق بۆ دابینکردنی کارەبای وڵاتەکەی پشت بە گازی ئێران دەبەستێت وهەرکاتێک گازی سروشتی ئەو وڵاتە کەمبکات، ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەرکەمبوونەوەی کارەبای عێراق دروستدەکات.