باشترینەكانی مانگی رابردووی خولی خولی نایابی كوردستان خەڵات كران
كوردستان24 پرۆژە نوێیەكەی بۆ خزمەتی وەرزشوانانی كورد راگەیاند
كوردستان24 پرۆژە نوێیەكەی بۆ خزمەتی وەرزشوانانی كورد راگەیاند و باشترینەكانی مانگی رابردووی خولی نایابی كوردستانی خەڵات كرد.
دێسكی وەرزشی كوردستان24 بە راوێژ لەگەڵ لێژنەیەكی تایبەت كە پێكهاتوون لە باشترین و ناودارترین راهێنەرەكانی كوردستان مانگانە خەڵاتی باشترین راهێنەر، باشترین یاریزانان و گۆڵپارێز و جوانترین گۆڵ دەبەخشێت.
خەڵاتی باشترین راهێنەر
عادل عەلی راهێنەری یانەی شێروانە خەڵاتی باشترین راهێنەری مانگی یەكەمی خولی نایابی كوردستانی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی بووە یەكەمین راهێنەر لەو مانگەدا لە كۆی 5 یاری، 4 بردنەوە بەدەستبهێنێت و بەبێ ئەوەی هیچ یارییەك بدۆڕێنێت لوتكەی خولی نایابی كوردستانی گرت.
خەڵاتی باشترین یاریزان
دۆس سانتۆس، هێرشبەرە تەمەن 20 ساڵانە بەرازیلییەكەی یانەی زاخۆ كاریگەرترین یاریزانی مانگی رابردووی خولی نایابی كوردستان بوو، بەوپێیەی لە كۆی 5 یاری، 4 گۆڵ و ئاسیستی هەبوو، بەمەش خەڵاتە ناوازەكەی كوردستان24ـی بۆ باشترین یاریزانی مانگی رابردووی خولی نایابی كوردستان بەدەستهێنا.
باشترین گۆڵپارێز
هەورامان رزگار گۆڵپارێزی یانەی پیشەسازی كە ئەم وەرزە بۆ خولی نایابی كوردستان سەركەوتوون، لە كۆی 4 یاری، 2 كلین شیتی هەبوو، بەگوێرەی ئامارەكان، هەورامان كاریگەرترین گۆڵپارێزی مانگی رابردووی خولی نایابی كوردستان بوو، بەمەش خەڵاتە ناوازە و تایبەتەكەی كوردستان24ـی بۆ باشترین گۆڵپارێزی مانگ بەدەستهێنا.
جوانترین گۆڵ
بەدەنگی هاندەران لە سۆشیاڵ میدیا، ئەركان مەنسور هێرشبەری یانەی ئاكرێ توانی ئەو گۆڵەی لە گەڕی یەكەم بەرامبەر یانەی چوارقوڕنە تۆماری كرد بە جوانترین گۆڵی مانگی رابردوو دەستنیشان بكرێت، بەمەش ئەو یاریزانە لەسەر وەرگرتنی خەڵاتی جوانترین گۆڵی مانگ كێبڕكێیەكەی لە هەردوو یاریزانی پێشمەرگەی هەولێر (دڵدار خدار و توانا ئەمیر) بردەوە كە ئەوانیش هاوشانی ئەیاد ئاری لە یانەی سیروانی نوێ و كۆسرەت عەلی لە یانەی چوارقوڕنە لە بردنەوەی خەڵاتەكە نزیك بوون.