کۆشکی سپی: بە وردی چاودێریی دۆخی سووریا دەکەین

کۆشکی سپی ڕایگەیاند، بە وردی چاودێریی ئەو دۆخە جیاوازە دەکەن کە لە سووریا هاتووەتەوە ئاراوە.

کۆشکی سپی لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوەش کردووە دۆخێکی جیاواز لە سووریا هاتووەتەوە ئاراوە، بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکەن و لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان هەڵیدەسەنگێنن.

لەلایەکی دیکەوە، تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێنی ئەمەریکی ئاشکرای کردووە. ئەمەریکا بەنیاز نییە لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، ئەرکی هێزەکانی لە سووریا بگۆڕێت. 

لەلایەکی دیکەوە جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا ئەوەی خستە ڕوو، وڵاتەکەی سەرنجی لەسەر سێ خاڵە: "ڕێگریی لە سەرهەڵدانەوەی داعش لە سووریا، پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە لەوانەش، ئوردن و ئیسرائیل." گوتیشی "شەڕی ناوخۆی سووریا شەڕی ئەمەریکاییەکان نییە، بەڵام گرنگە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا  و هاوپەیمانەکانی لەناوچەکە پارێزراوبێت."

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ ، 08-12-2024، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا چوونە نێو دیمەشق و کۆتاییان  بە دەسەڵاتی 24 ساڵەی ڕژێمی بەشار ئەسەد هێنا و تاوەکوو ئێستەش چارەنووسی ئەسەد دیار نییە.