باڵیۆزخانەی سووریا لە قەتەر: ڕژێم کەوت و وڵاتەکەمان ئازاد کرا
یەکشەممە، 08-12-2024، باڵیۆزخانەی سووریا لە قەتەر لە ڕاگەیەندراوێکدا بە شێوەیەکی فەرمی ئازادکردنی سووریا و ڕووخانی دەسەڵاتی 24 ساڵەی بەشار ئەسەدی ڕاگەیاند.
لە سەرەتای ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "بە پشتیوانیی خودا، مژدەی هەڵاتنی خۆری ئازادی و ئازادکردنی سووریا لە چنگی زۆرداری و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە کتێبی شکۆمەندی و مێژوو بە ئێوە ڕادەگەیەنین." ئاماژە بەوەش کراوە "ڕۆڵەکانی گەلەکەمان چەندین دەیە ڕووبەڕووی ستەمی دەسەڵاتێکی زۆردار بوونەوە کە دەستی لە پیسترین تاوان و شکاندنی شکۆی مرۆڤ و لەنێوبردنی تواناکانی وڵات، نەپاراستووە."
باڵیۆزخانەی سووریا لە قەتەر ئەمڕۆی بە "ڕۆژێکی مێژوویی" ناوبردووە و دەڵێت: "پەیامێک ئاراستەی هەموو گەلی سووریامان دەکەین کە ڕێگەی بەردەممان دوور و درێژ و سەختە. پێویستە دەست لەنێو دەست و شان بە شانی یەکدی، بەرپرسیارێتیی گەڕاندنەوەی وڵاتمان و بنیاتنانی داهاتوویەک کە شایەنی ئەم وڵاتە مەزنە بێت، لە ئەستۆ بگرین."
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ ، 08-12-2024، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا چوونە نێو دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی 24 ساڵەی ڕژێمی بەشار ئەسەد هێنا و تاوەکوو ئێستەش چارەنووسی ئەسەد دیار نییە.