سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نیشتمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا: سووریای نوێ جیاواز دەبێت
سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نیشتمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دووپاتی کردەوە "سووریای نوێ جیاواز دەبێت و هەموو هەوڵێک دەدرێت تاوەکوو مافی هیچ پێکهاتەیەک پێشێل نەکرێت."
یەکشەممە، 08-12-2024، د. عەبدولباست سەیدا، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نیشتمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە بۆ هەموو سوورییەکان، چونکە ڕژێمی بەشار ئەسەد لەسەر دەستی خەڵکی مەدەنی ڕووخێندرا. هەنگاوی داهاتوو زۆر گرنگ دەبێت، چونکە سووریای نوێی تێیدا بونیات دەنرێت."
سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نیشتمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بە پێویستیشی زانی لە سووریای نوێدا مافی هەموو پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە و بە تایبەت گەلی کورد بپارێزرێن و ستەم لە هیچ لایەک نەکرێت.
چوارشەممە، 27-11-2024، گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە سەرکردایەتیی ئەحمەد جۆلانی، هێرشی بەفراوانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی بەشار ئەسەد دەست پێ کرد و دوای کۆنترۆڵکردنی حەلەب، حەما، دەرعا، سوەیدا و قونەیترە؛ بەرەبەیانیی یەکشەممە، 08-12-2024، چوونە نێو حومس و دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی 24 ساڵەی ئەسەد هێنا.