هاوپەیمانیی نیشتیمانیی سووریا، پیرۆزبایی لە گەلی سووریا دەکات

یەکشەممە، 8ی کانونی یەکەمی 2024  هاوپەیمانیی نیشتیمانیی سووریا بەیاننامەیەکی لەسەر ڕووخان و کۆتایهێنان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، بڵاو کردەوە.

لەبەیاننامەکەدا هاتووە: "هاوپەیمانیی نیشتیمانیی سووریا، بەبۆنەی ڕووخانی بەشار ئەسەد و بنەماڵەکەی، پیرۆزبایی لە کچان و کوڕانی سووری دەکات دوای 14 ساڵ، لە خەبات و تێکۆشان دژی حکوومەتەکەی بەشار ئەسەد، بۆ دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە زیندانییەوە بۆ ئازادی و ژیانێکی سەربەرزانە و شکۆمەندانە.

شۆڕشی سووریا چەندان ساڵە دژی ستەم و زۆرداری تێدەکۆشێت، بۆبنیاتنان و دروستکردنی سووریای نوێ، بەقوربانیدان و گیانفیدایی هاوڵاتیانی سووریا هاتە دی. داوا لە گەلی سووریا دەکەین ئاگایان لە ماڵ و موڵک و باڵەخانەکانی حکوومەت بێت، چونکە موڵکی بەشار ئەسەد نین، بەڵکو هی گەلی سووریان.

هاوپەیمانیی نیشتیمانیی سووریا بەردەوام دەبێت لە تەواوکردن و گواستنەوەی دەسەڵات بۆ حوکمڕانییەکی تەواو و ئینتیقالی، بۆ گەیشتن بە سووریای دیموکراسی و ئازادی؛ سووریای نوێ چاوی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە بۆ بنیاتنانی سووریای نوێ بەبێ گوێدانە نەتەوە وئایین و مەزهەب.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ ، 08-12-2024، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا چوونە نێو دیمەشق و کۆتاییان  بە دەسەڵاتی 24 ساڵەی ڕژێمی بەشار ئەسەد هێنا و تاوەکوو ئێستەش چارەنووسی ئەسەد دیار نییە.