وەزارەتی دەرەوەی سووریا: نوێنەرایەتییە دیپلۆماسیەکانمان لە کارەکانیان بەردەوامن
وەزارەتی دەرەوەی سووریا کەوتنی ڕژێمی بەشار ئەسەد بە "ڕۆژێکی مێژوویی" ناو دەبات و جەخت دەکاتەوە، نوێنەرایەتییە دیپلۆماسیەکانیان لە خزمەتکردنی هاووڵاتییان بەردەوامن.
یەکشەممە، 08-12-2024، وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند "نوێنەرایەتییە دیپلۆماسیەکانمان بەردەوام دەبن لە ڕاییکردنی کاری ڕۆژانی خۆیان لە خزمەتکردنی هاووڵاتیانی سووریا لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات."
وەزارەتەکە لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەی خستووەتە ڕوو "ئەمڕۆ لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی سووریادا دەنووسرێتەوە، کە پەیمان و میساقێکی نیشتمانی دەست پێ دەکات کە قسەی سوورییەکان یەک دەخات."
چوارشەممە، 27-11-2024، گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە سەرکردایەتیی ئەحمەد جۆلانی هێرشی بەفراوانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی بەشار ئەسەد دەست پێ کرد و دوای کۆنترۆڵکردنی حەلەب، حەما، دەرعا، سوەیدا و قونەیترە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، یەکشەممە، 08-12-2024، چوونە نێو حومس و دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی 24 ساڵەی ئەسەد هێنا.