ڕووسیا: ئەسەد دوای گفتوگۆ لەگەڵ هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەسەڵاتی ڕادەست کردووە
یەکشەممە، 08-12-2024، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە کرد، بەشار ئەسەد دوای گفتوگۆ لەگەڵ هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، دەسەڵاتی ڕادەست کردووە و وڵاتەکەی بەجێ هێشتووە.
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ئاماژەی بەوەش کردووە، لەگەڵ هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە پەیوەندیدان و داوا دەکات ڕێز لە بیروڕای هەموو پێکهاتە و مەزهەبەکان بگیرێت.
ڕووسیا، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوکەدا هاتووە "پشتیوانیی لە هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنی پرۆسەیەکی سیاسیی گشتگیر بە پێی بڕیارنامەی 2254 دەکات کە بە کۆی دەنگ لە لایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کراوە."
ئەوەش خراوەتە ڕوو، "بنکە سەربازییەکانی ڕووسیا لە سووریا لەوپەڕی ئامادەییدان و هیچ مەترسییەکی جیددی لەسەر سەلامەتییان نییە."
چوارشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2024 گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە سەرکردایەتیی ئەبو محەممەد جۆلانی هێرشی بەفراوانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی بەشار ئەسەد دەست پێ کرد و دوای کۆنترۆڵکردنی حەلەب، حەما، دەرعا، سوەیدا و قونەیترە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، یەکشەممە، 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، چوونە نێو حومس و دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی 24 ساڵەی بەشار ئەسەد هێنا.