لەبارەی دەنگۆی راگەیاندنی قەدەغەی ھاتووچۆ روونكردنەوە دەدرێت
"بەپێی رەوشی تەندروستی بڕیاردەدرێت"
K24 - ھەولێر
چەند رۆژێكە لەناو ھاووڵاتییان دەنگۆی ئەوە بڵاوكراوەتەوە، بەھۆی ھەڵكشانی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە چەند رۆژی داھاتوودا قەدەغەی ھاتووچۆ لە ھەرێمی كوردستان رادەگەیەندرێتەوە، جێگری پارێزگاری ھەولێر روونكردنەوە لەسەر ئەو دەنگۆیە دەدات و رایدەگەیەنێت، ئەو بڕیارە لە دەسەڵاتی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنایە.
ھێمن قادر، جێگری پارێزگاری ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "بەپێی رەوشی تەندروستی لەلایەن لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا بڕیار دەدرێت، كە وەزارەتە پەیوەندیدارەكان لە لیژنەكەدا ئەندامن، بەڵام ئێستا لە ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی ھەولێر ھیچ بەرنامەكمان بۆ راگەیاندنی قەدەغەی ھاتووچۆ نییە".
گوتیشی: "ئێستا بەرنامەی ئێمە گرتنەبەری رێكارەكانی خۆپارێزییە، لە قەزاو ناحییەكان ھەڵمەتی دابەشكردنی دەمامكمان راگەیاندووە، ھاوكات لیژنەكان چاودێری بازاڕ دەكەن، ماوەی چوار رۆژدا نزیكەی 950 شوێن داخراون".