وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە

لەبارەی چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆدەبێتەوە

K24 - هەولێر

لەپێناو ئاسان تێپەڕاندنی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق کە رۆژ دوای رۆژ ژمارەی تووشبووان و گیانلەدەستدان بە پەتای کۆرۆنا لەزیادبوونە، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی شاندێک لە بەغدایە.

د. محەمەد قادر خۆشناو، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لەبارەی ئامانجی سەردانی شاندەکە بۆ بەغدا بە کوردستان 24ـی راگەیاند "ئامانجیانە کۆبوونەوە لەگەڵ حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستیی عێراق و شانەی قەیرانەکان بکەن بۆ ئەوەی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق تاوتوێ بکەن و هەماهەنگی بکەن بۆ ئەوەی ئاسانتر ئەو بارودۆخە تێبپەڕێنین".

دوێنێ (چوارشەممە، 10-6-2020) مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی لیژنەی باڵای وەزاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کرد و لە یەکێک لە بڕیارەکانی کۆبوونەوەکەدا هاتووە "راسپاردنی هەردوو وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بۆ پەیوەندیکردن و سەردانیکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی عێـراق و نووسینگەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO لە عێـراق و هەرێمـی کوردستان و کونسڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە هاوکاری و پشتیوانیی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمـی کوردستان بکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا".

هەرچەندە پەتای کۆرۆنا لە عێراق و هەرێمی کوردستان درەنگتر دەستی بە بڵاوبوونەوە کرد، بەڵام لە عێراق تائێستا زیاتر لە 15 هەزار کەس تووشی کۆرۆنا بوون و 426 کەسی دیکەش گیانیان لەدەستداوە. لەبارەی دوایین ئامارەکانی پەیوەست بە ڤایرۆسی کۆرۆناش لە هەرێمی کوردستان، دکتۆر محەممەد قادر دەڵێ " 1700 حاڵەتی تووشبوون و 550ـی چاکبوونەوە هەیە، بەداخەوە 30 حاڵەتی گیانلەدەستدانیشمان هەیە".

نزیکەی 01% بۆ 02%ـی تووشبووانی کۆرۆنا لە کوردستان دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە، ئەمەش نزیکەی 20 کەس دەکات، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی جەخت دەکاتەوە لەوەی "زۆر حاڵەتمان هەن کە لەسەر ئامێری ئۆکسجینن و پێویستییان بە چاودێریی بەردەوامە، ئەگەر هێواش هێواش حاڵەتەکان کۆنترۆڵبکرێنەوە، دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدا دەبێت و ناگاتە ئەو حاڵەتە مەترسی و کارەساتەی باسی دەکەین، گریمانەی دووەمیش ئەوەیە ئەگەر خەڵک حاڵەتەکان زۆر بە بچووکی وەربگرن و پابەندی رێنماییەکان نەبن، رەنگە لە کارەساتی مرۆیی نزیک ببینەوە".

 

هـ.ر.