کۆبوونەوەی وەزیرانی تەندروستی هەرێمی کوردستان و عێراق دەستیپێکرد

بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكە دەبێت

K24 - بەغدا

كەمێك پێش ئێستا كۆبوونەوەی سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ھەرێمی كوردستان و حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستی عێراق لە بەغدا دەستیپێكرد و تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكەش ھەماھەنگی نێوانیانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

ئەمڕۆ شاندێكی وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی سامان بەرزنجی گەیشتە بەغدا، بڕیارە لە كۆبوونەوەكانیاندا لەگەڵ وەزیری تەندروستی عێراق و بەرپرسانی دیكە لە وەزارەتی تەندروستی عێراق گفتوگۆ لەبارەی ھەماھەنگی و چڕكردنەوەی ھەوڵەكانیان بكەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا.

شڤان جەباری، پەیامنێری كوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند: "شاندی وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی كوردستان چەند داوایەك ئاراستەی وەزارەتی تەندروستی عێراق دەكات، یەكێك لە داواكان تایبەتە بەو بودجەیەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا تەرخانكراوە، كە پشكی ھەرێمی كوردستانیشی تێدابێت، ھەروەھا ئێستا عێراق كۆمەڵێك ئامێری تەندروستی كڕیوە، وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی كوردستان داوا دەكات پشكی ھەرێمی كوردستان لەو ئامێرانە بدرێت".

گوتیشی: "لە كۆبوونەوەكەدا شاندی ھەرێمی كوردستان جەخت لە ھەماھەنگی زیاتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا دەكاتەوە".

سەردانی شاندی تەندروستی ھەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، دوای ئەوەدێت دوێنێ چوارشەممە 10/6/2020 مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی لیژنەی باڵای وەزاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کرد و لە یەکێک لە بڕیارەکانی کۆبوونەوەکەدا هاتووە "راسپاردنی هەردوو وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بۆ پەیوەندیکردن و سەردانیکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی عێـراق و نووسینگەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO لە عێـراق و هەرێمـی کوردستان و کونسڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە هاوکاری و پشتیوانیی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمـی کوردستان بکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا".

ھ.م