سەرۆک وەزیرانی سووریا باسی دوا پەیوەندیی خۆی لەگەڵ بەشار ئەسەد دەکات

محەممەد غازی جەلالی، سەرۆک وەزیرانی سووریا 'ئەرشیف'
محەممەد غازی جەلالی، سەرۆک وەزیرانی سووریا 'ئەرشیف'

ئەمرۆ دووشەممە، 9-12-2024، محەممەد غازی جەلالی، سەرۆک وەزیرانی سووریا بە سکای نیوزی عەرەبی گوت: "سروشتی ڕژێمی پێشوو وەها بوو ڕێگەی بە پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەشار ئەسەد، نەدەدا."

جەلالی باسی لەوەش کرد، "من لە دوایین پەیوەندییدا بە ئەسەدم گوت، بارودۆخەکە چیتر بەرگەی ناگیرێت، ئەو گوتی دواتر بەدواداچوونی بۆ دەکەین."

گوتیشی: "ئەسەد تاکە بڕیاردەری سیاسەتی دەرەوە بوو و گفتوگۆی لەگەڵ ئێمە نەدەکرد." دەشڵێت: "سیاسەتی دەرەوە لەلایەن ئەو کەسەوە دادەڕێژرا کە دەسەڵات دەگرێتە ئەستۆ."

سەرۆک وەزیرانەکەی حکوومەتی ئەسەد، ڕوونیشی کردەوە "بەشار ئەسەد سیناریۆیەکی هەبوو کە تێیدا وڵاتێکی پڕ لە ئاژاوە بەجێ دەهێڵێت."

جەلالی ڕاشیگەیاند "ئامانجی یەکەممان بەهێزکردنەوەی ئاسایشە، گەلی سووریاش لە ساڵانی ڕابردوودا ماندوو بووە، بەڵام دۆخی ئەمنیی شەقامەکانی دیمەشق سەقامگیرە."

جەلالی گوتیشی: "زۆربەی وەزیرەکان لە دیمەشقن و لە فەرمانگەکانیانەوە کارەکانیان دەکەن. ئێمە ئامادەین هاوکاریی بکەین لە گواستنەوەی هەموو دۆسیەکان، هەوڵ دەدەین قۆناغی ڕاگوزاری خێرا بکەین."

سەرۆک وەزیرانی سووریا ئاشکراشی کرد "هەماهەنگی هەیە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، هەروەها هیچ ڕێگرییەک نییە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەبو محەممەد جۆلانی."

سەبارەت بە چارەنووسی سوپای سووریا، جەلالی گوتی: "وەڵامێکم نییە سەبارەت بە چارەنووسی سوپای سووریا، ئەوە پەیوەستە بە هەر کەسێک کە دەستەڵات وەردەگرێت."

 یەکشەممە، 8-12-2024، هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، توانییان دیمەشق کۆنترۆڵ بکەن، بەشار ئەسەدیش ناچار بەهەڵاتن بکەن، کە ماوەی 24 ساڵە دەسەڵاتی وڵاتەکەی بەدەستەوەیە.