کرملین بوونی بەشار ئەسەد و ماڵباتەکەی لە مۆسکۆ پشتڕاست ناکاتەوە
گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا بوونی بەشار ئەسەد و ماڵباتەکەی لە مۆسکۆ پشتڕاست نەکردەوە و ڕەتی کردەوە ئامادەکاری بۆ هیچ کۆبوونەوەیەک لەنێوان پوتین و ئەسەد کرابێت.
دووشەممە، 09-12-2024، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرملین) لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی بوونی بەشار ئەسەد و ماڵباتەکەی لە مۆسکۆ، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "هیچ شتێکم نییە بۆ ئەوەی سەبارەت بە سەرۆک ئەسەد، پێتان بڵێم."
لەبارەی ئەگەری کۆبوونەوەی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا و بەشار ئەسەد، گوتەبێژی کرملین گوتی: "هیچ کۆبوونەوەیەک (لەگەڵ ئەسەد) لە کارنامەی فەرمیی کۆبوونەوەکانی سەرۆکی ڕووسیادا نییە."
گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا لەبارەی شەڕی چەند ڕۆژی ڕابردووی سووریا و ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، ئاماژەی بەوە کرد "هەموو جیهان سەریان سوڕما لەوەی ڕووی دا و ئێمەش لەو چەندە بەدەر نین."
دوێنێ یەکشەممە، 08-12-2024، سەرچاوەیەک لە کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرملین) بە هەردوو ئاژانسی تاس و ڕیا نۆڤۆستیی ڕووسی ڕاگەیاندبوو، بەشار ئەسەد و ئەندامانی خێزانەکەی گەیشتوونەتە مۆسکۆ و مافی پەنابەرێتیان پێ دراوە.
گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا ڕاشیگەیاند "دامەزراندنی دوو بنکەی سەربازیی نوێ لە سووریا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی داهاتووی ئەو وڵاتە تاوتوێ دەکەن."