ڕوانگەی سووری: دوای ڕووخانی ڕژێم، ئیسرائیل 310 هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر سووریا
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، لەوەتەی ڕژێمی بەشار ئەسەد ڕووخاوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل 310 هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر چەندان شوێن لەنێو سووریا.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ڕاگەیەنداروێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، لە ڕۆژی یەکشەممە، 08-12-2024 تاوەکوو ئەمڕۆ سێشەممە، 10-12-2024، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل 310 هێرشی ئاسمانییان کردووەتە پێگە سەربازییەکانی سوپای سووریا.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئیسرائیل لە هێرشە ئاسمانییەکانیدا، چەک و کەرەستەی سەربازیی سوپای سووریای لە حومس، حەلەب، قامشلۆ و ژمارەیەک شاری دیکە بۆمباران کردووە و ئامانج لە بۆمبارانەکان، لەنێوبردنی یەکجارەکی چەکی سوپای داهاتووی سووریایە.
ئەمە لە کاتێکدایە، شەوی ڕابردوو، 09-12-2024، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ژمارەیەک بنكه و پێگه سهربازیی سوپای سووریایان له دیمهشق، باشووری دهرعا، حەسەکە و چەندان شوێنی دیکە کردە ئامانج.
چوارشەممە، 27-11-2024، گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە سەرکردایەتیی ئەحمەد جۆلانی، هێرشی بەفراوانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی بەشار ئەسەد دەست پێ کرد و دوای کۆنترۆڵکردنی حەلەب، حەما، دەرعا، سوەیدا و قونەیتەرە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، یەکشەممە، 08-12-2024، چوونە نێو دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی 24 ساڵەی ئەسەد هێنا.