دادگای کەرخ، دوو تۆمەتباری دۆسییەی سیخوڕی و گوێگرتنی بە چوار ساڵ زیندانی سزا دا

دادگایەکی عێراق، لەسەر دۆسیەی سیخوڕی و گوێگرتن لە نووسینگەی سەرۆک وەزیران، سزای 4 ساڵ زیندانیی بەسەر  تۆمەتباران، محەممەد جوحی و عەلی متەیردا سەپاند.

سەرچاوەیەکی دادوەری بە مێدیای ناوخۆی ڕایگەیاند "دادگای تاوانەکانی کەرخ، بڕیاری چوار ساڵ زیندانی بەسەر محەممەد جوحی و عەلی متەیردا سەپاند."

ئەم بڕیارەش دوای چەند ڕۆژێک لە قسەکانی محەممەد شییاع سوودانی هات کە لە پەرلەمانی عێراق لەوبارەوە پرسیاریان لێ کرد، ئەویش بەتووڕەییەوە وەڵامی دایەوە و گوتی: "ئەمەدرۆی سەدەیە."

سوودانی ئاماژەی بەوەش کرد "ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی حکوومەت و هەندێک لە فەرمانبەرانی ئۆفیسی سەرۆکوەزیران کراون، شتێکی کەسییە دژی ئەو و "بێڕەوشتییە."

دۆسیەی سیخوڕی و گوێگرتن، لە مانگی ئابدا تەقیەوە، دوای دۆزینەوەی تۆڕێک لە فەرمانبەران لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران کە لە سیخوڕیی بەسەر نوێنەران و سەرکردەکانی کوتلە و لایەنەکانی سەر بە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە، تێوەگلاون.