ڕووداوەکانی سووریا ترسی گەڕانەوەی داعش لە ناوچەکە دروست دەکەن
ڕووداوەکانی سووریا و ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدی سەرۆکی ڕووخاوی ئەو وڵاتە و حزبی بەعس بە دەستی چەکدارەکانی بەرەی تەحریر شام و گرووپەکانی هاوپەیمانی نزیکی، نیگەرانیی لای ئەمەریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی دژی داعش دروست کردووە، بەشێوەیەک هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ ئەگەری دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش کردووە، بەشێوەیەک پێیان وایە هەر پشێوییەک لە ناوچەکە، دەرفەت بۆ شانە نووستووەکانی ئەو گرووپە تیرۆریستییە دروست دەکەن و وا دەکەن خۆیان ڕێک بخەنەوە و بەهێز ببنەوە.
یەکشەممەی ڕابردوو 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، کە هێزە چەکدارەکانی بەرەی تەحریر شام و گرووپەکانی هاوپەیمانی گەیشتنە دیمەشقی پایتەختی سووریا و کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێنا، بەرپرسێکی پێنتاگۆن هەر ئەو ڕۆژە زوو گوتی"هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی سووریا ماونەتەوە بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی چەکدارانی داعش نەگەڕێنەوە."
ئەو بەرپرسە ڕاشیگەیاندبوو "ئێمە ڕاوێژ لەگەڵ هاوبەشە ناوچەییەکانمان دەکەین، سەبارەت بە پێداویستییە ئەمنییەکانیان، هەروەها بوونی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی سووریا هیچ پەیوەندییەکی بە لایەنەکانی دیکەی ململانێکانەوە نییە."
ئەو بەرپرسەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش کرد: "بەردەوام دەبین لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ بەرگریی لە هێزەکانمان و ڕێگریی لە گەڕانەوەی داعش."
لەگەڵ ئەوەشدا، پێنجشەممەی ڕابردوو 5ـی کانوونی یەکەمی 2024، وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا"پێنتاگۆن" بڵاوی کردەوە، لە کاری هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات بەردەوام دەبن بۆ تێکشکاندنی چەکدارانی داعش، چونکە هێزەکانی ئەمەریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە سووریا جێگیربوون.
هەموو ئەو ئاماژانە ئەوە دەردەخەن، ئەمەریکا وەک هێزی سەرەکی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە ناوچەکە، هەر پشێوییەک بە دەرفەت دەزانن بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش و دووبارە دروستبوونەوەی مەترسییەکانی، بۆیە لەسەر زاری ماتیۆ میلەری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی خۆیدا پێش هەفتەیەک دووپاتی کردەوە کە، ئەمەریکا پابەندە تێکشکاندنی داعش و ڕێگریی لە سەرهەڵدانەوەی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە، بەڵام هێزی زیاتر لە ناوچەکە بڵاو ناکاتەوە و شەڕی چەکدارانی تەحریرولشامیش ناکات."
دروستبوونەوەی مەترسی داعش، دەبێتە هەڕەشە لەسەر تەواوی ناوچەکە، ئەو ئەگەرەش پێشبینی کراوبوو بەر لە ڕووداوەکانی سووریا، بۆیە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی شەممەی 23-11-2024دا، لە چوارچێوەی دیدارێکی تایبەتدا لە دووەم ڕۆژی پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس2024) کە لە شاری دهۆک بەڕێوەچوو، ئەوەی خستە ڕوو "هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لەسەر داوای حکوومەتی عێراق هاتوون و پێمان وایە تاوەکوو ئێستەش هەڕەشەی تیرۆر بەردەوامە و داعش هەر ماوە."
بەشێکی سنوورەکانی عێراق کە نووساوە بە سنوورەکانی سووریاوە، زۆرترین مەترسی لەسەر ئاسایشی عێراق و دزە کردنی چەکداران و گرووپەکانی سەر بەداعش هەیە، هەر لەبەر ئەوەش، لەگەڵ پێشهاتە نوێکانی سووریا، عێراق هێزە سەربازییەکانی لەسەر سنوور لەگەڵ سووریا بڵاوە پێکرد.
لیوا یەحیا ڕەسوڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق پێشتر ئاماژەی بەوە کرد کە بۆ پاراستنی سنووریان لەگەڵ سووریا، کۆمەڵێک ڕێکاری خۆپارێزیان گرتووەتەبەر، لەوانە، چاڵی زۆریان لێداوە، لە ڕێگەی تاوەر و کامێراوە توانیویانە ناوچە سنوورییەکە کۆنترۆڵ بکەن، ئاماژەی بەوەشکرد پشت بە زانیاریی هەواڵگرییەکان دەبەستن بۆ ئەوەی ڕێگری لەو گرووپانە بکەن.
ئەو مەترسییانە ئەمەریکا هەیەتی لە دووبارە هەڕەشەی دروستبوونەوەی گرووپی تیرۆریستی داعش بەهۆی پشێوییەکانی سووریا لە شوێنی خۆیانن، چونکە لەکاتی هەڵهاتنی 54 سەربازی سووپای سووریای سەر بە بەشار ئەسەدی سەرۆکی ڕووخاوی سووریا لەکاتی هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن، گرووپی تیرۆریستی داعش لە دەشتاییەکانی حومسی ناوەڕاستی سووریا دەستبەسەری کردوون و دواتر هەموویانی کوشتوون، ئەو زانیارییانەش ئەمڕۆ سێشەممە 10ـی کانوونی یەکەمی 2024، ڕوانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ بڵاویانی کردەوە.