دۆناڵد ترەمپ دەزگیرانی پێشووی کوڕەکەی بە باڵیۆز لە یۆنان دەستنیشان کرد

کیمبەرلی گیلفۆیل
کیمبەرلی گیلفۆیل

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بڕیاریدا کیمبەرلی گیلفۆیل، دەزگیرانی پێشووی دۆناڵد جونیۆری کوڕە گەورەکەی و بێژەری پێشووی فۆکس نیوز، بۆ پۆستی باڵیۆزی ئەمەریکا لە یۆنان دەستنیشان بکات.

ترەمپ، لە تۆڕی سۆشیال مێدیایی خۆی، 'تروس سۆشیال' نووسیویەتی: "چەندان ساڵە کیمبەرلی هاوڕێ و هاوپەیمانێکی نزیکم بووە."

دۆناڵد ترەمپ، لە 20ـی کانوونی دووەمی 2025، دەسەڵات دەگرێتە دەست، دەشڵێت "کیمبەرلی، ئەزموونێکی بەرفراوانی لە سەرکردایەتیی لە بوارەکانی یاسا و ڕاگەیاندن و سیاسەت هەیە، هەروەها زیرەکییەکەی وای لێدەکات شایستەی ئەوە بێت نوێنەرایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و پارێزگاری بەرژەوەندییەکانی لە دەرەوەی وڵات بکات."

بەگوێرەی ڕاپۆرتی سی ئێن ئێن، دۆناڵد جونیۆر و کیمبەرلی گیلفۆیل، لەم دواییانەدا لەیەکتر جیابوونەوە، هەروەها گیلفۆیل، بەرپرسی دارایی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ترەمپ بووە لە هەڵبژاردنەکانی 2020دا، و داواکاری گشتی بووە لە سانفرانسیسکۆ.