سابرینا سینگ: لەگەڵ هەسەدە بەردەوام دەبین بۆ تێکشکاندنی داعش
سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا"پێنتاگۆن" ڕایگەیاند: لەگەڵ هەسەدە بەردەوام دەبین بۆ تێکشکاندنی داعش، لەگەڵ ئەوەش باس لە تواناکانی هەسەدە ناکەن کە هاوپەیمانی ئەمەریکایە لە تێکشکاندنی داعش.
چوارشەممە 11ـی کانوونی یەکەمی 2024، سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا" پێنتاگۆن" لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە نێو وەزارەتی بەرگریی گوتی: جەنەرال کۆرێلا، فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا لە سەردانی کردنی ناوچەکە بەردەوام دەبێت دوای سەردانی بۆ عێراق و سووریا، گوتیشی، جەنەراڵ کۆرێلا لە پەیوەندیی بەردەوام دایە لەگەڵ لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی.
سابرینا سینگ نەیشاردەوە، چەکی کیمیایی سووریا جێی نیگەرانی ئەمەریکایە و گوتی: سەرنجمان لەسەر ئەو چەکانەیە چونکە جێی مەترسیە بکەوێتە دەستی گرووپە چەکدارەکان و لایەنە خراپەکان.
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا گوتی: پێشوازیی لە لێدوانەکانی محەمەد جۆلانی دەکەین، دووپاتی ئەوەی کردەوە دەبێت جۆلانی ئەو لێدوانانە بە کردەوە بسەلمێنێت.
لەبارەی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا بە هێزەکانی هەسەدە لە سووریا، سابرینا جەختی لەوە کردەوە، لەگەڵ هەسەدە بەردەوام دەبن بۆ تێکشکاندنی داعش و گوتی: باس لە تواناکانی هەسەدە ناکەین، بەڵام ئەوان وەک هاوپەیمان دەبینین.