ڕۆژنامەیەک: ئێران لە نەشتەرگەریی لووت، یەکەمە لەسەر ئاستی جیهان

نەشتەرگەریی جوانکاریی لووت
نەشتەرگەریی جوانکاریی لووت

بە گوێرەی هەواڵێکی ڕۆژنامەی ئیقتیسادی میللیی ئێرانی، لەسەر ئاستی جیهان، ئێران لە ڕیزبەندی نەشتەرگەریی جوانکاریی لووت، پلەی یەکەمی گرتووە.

وەکوو ئەوەی ئەو ڕۆژنامە باسی کردووە، زیاتر ئەو مێرمنداڵانەی تەمەنیان لەنێوان 14 بۆ 18 ساڵیدا، نەشتەرگەریی جوانکاریی لووت دەکەن.

ڕۆژنامەکە لەسەر زاری ژمارەیەک پسپۆڕی دەروونی بڵاوی کردووەتەوە، ڕەنگە نەشتەرگەریی جوانکاریی لە داهاتوودا ببێتە هۆی تێکچوونی دەروونی و کێشەی متمانە بەخۆبوون. ئاماژە بەوەش دەدەن، نابێت خێزانەکان مل بۆ داواکارییە دەستبەجێیەکانی منداڵەکانیان بدەن و دەبێت ژیرانە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن.

لەبارەی زیادبوونی نەشتەرگەرییەکە، عەلی ڕەزا سابیری، سکرتێری کۆمەڵەی پزیشکانی نەشتەرگەریی جوانکاریی لە ئێران، بە ڕۆژنامەی ئیقتیسادی میللی گوتووە: "لە هەر 100 نەخۆش، 30ـیانیان جوانکارییان دەوێت."