بلومبێرگ: بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق گەیشتە 4.15 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە
بەرهەمهێنانی ئۆپێک بۆ 22.8 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە بەرزبووەوە
بەرهەمهێنانی نەوتی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا بە بڕی 930 هەزار بەرمیلی رۆژانە زیادی کردووە و گەیشتووەتە 22.8 ملیۆن بەرمیل؛ ئەمەش بەرهەمی رێکخراوەکەی لە ئاستەکانی پێش جەنگ نزیک کردووەتەوە، هاوکات عێراق دووەم گەورەترین زیادبوونی بەرهەمهێنانی لەنێو وڵاتانی ئەندامدا تۆمار کردووە.
هەینی، 6ـی تشرینی دووەمی 2026، ئاژانسی هەواڵی 'بلومبێرگ' لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا، بە بڕی نزیکەی 930 هەزار بەرمیلی رۆژانە زیادی کردووە و گەیشتووەتە 22.8 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا. ئەم بەرزبوونەوەیە وای کردووە ئاستی خستنەڕووی نەوت لە قەبارەی پێش هەڵگیرسانی جەنگ نزیک ببێتەوە، کە هۆکاری سەرەکیی ئەو هەڵکشانەش بۆ زیادکردنی بەرهەمی سعوودیە دەگەڕێتەوە.
بە پێی راپۆرتەکەی بلومبێرگ، ئاستی بەرهەمهێنانی تۆمارکراوی مانگی رابردوو هاوتای نزیکەی %88ـی ئاستەکانی مانگی شوباتی هەمان ساڵە. لەو نێوەندەشدا، سعوودیە پێشەنگیی زیادکردنی بەرهەمی گرتە دەست دوای ئەوەی بەرهەمهێنانی رۆژانەی بە بڕی 970 هەزار بەرمیل بەرزکردەوە و گەیاندیە 9.2 ملیۆن بەرمیل، لە کاتێکدا تێکڕای هەناردەی نەوتی رۆژانەی ئەو وڵاتە گەیشتە نزیکەی 7 ملیۆن بەرمیل.
هاوکات، عێراق دووەم گەورەترین رێژەی زیادبوونی بەرهەمهێنانی لەنێو وڵاتانی ئەندامی ئۆپێکدا تۆمار کرد؛ بە شێوەیەک بەرهەمی نەوتی رۆژانەی بە بڕی 140 هەزار بەرمیل زیادی کرد و گەیشتە 4.15 ملیۆن بەرمیل، لە کاتێکدا بەرهەمی نەوتی کوەیتیش بە بڕی 130 هەزار بەرمیل زیادی کرد و گەیشتە 2 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە.
لە بەرامبەردا، بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران بە بڕی 120 هەزار بەرمیلی رۆژانە پاشەکشەی کرد و بۆ 1.9 ملیۆن بەرمیل دابەزی، کە بەپێی داتا مانگانەکانی ئاژانسی بلومبێرگ، ئەمە نزمترین ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێرانە لە ساڵی 1989ـەوە تا ئێستا. لە هەمان کاتدا نێجیریاش رووبەڕووی دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان بووەوە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش داوە، کە بووژانەوەی بڕی خستنەڕووی نەوتی خاو رۆڵی هەبووە لە هێوربوونەوە و دابەزینی نرخەکانی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا؛ بە شێوەیەک نرخی گرێبەستە دواخراوەکانی نەوتی خاوی برێنت لەم هەفتەیەدا لە دەوروبەری 98 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوە کراوە، دوای ئەوەی لە مانگی رابردوودا ئاستی بەرزتری تۆمار کردبوو.