سعوودیە و سووریا لە رووبەڕووبوونەوەی حووسییەکاندا هاوکاریی سەربازی دەکەن

بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی و دوو سەرچاوەی سەربازی لە سووریا ئاشکرایان کرد، دیمەشق لە رێگەی پێشکەشکردنی راوێژ و مەشقی سەربازی و ناردنی ژمارەیەک سەرباز، هاوکاری و پشتیوانی پێشکەش بە سعوودیە دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی گرووپی حووسییەکانی یەمەن.

هەینی 6ـی تشرینی دووەمی 2026، بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، لە دوای دەستپێکردنەوەی جەنگ و پێکدادانەکان لە نێوان سعوودیە و حووسییەکان لە مانگی تەمووزی رابردووەوە، ریاز هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی بەرگری و هێرشبەری لە هاوپەیمانەکانی چڕکردووەتەوە.

بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی ئاشکرای کرد، تیمەکانی راوێژکاری و مەشقی سەربازی لە سووریاوە، کە لە میانی ساڵانی رابردووی جەنگی ناوخۆی وڵاتەکەیاندا ئەزموونێکی زۆریی شەڕکردنیان پەیدا کردووە، دەچنە سعوودیە تاوەکو لە ناوخۆی شانشینەکە مەشق بە یەکە سەربازییەکانی سعوودیە و یەمەن بکەن بە ئامانجی بەرزکردنەوەی توانای شەڕکردنیان. دوو سەرچاوەی سەربازیی سووریاش پشتڕاستیان کردەوە کە لە چەند هەفتەی رابردوودا دەیان کەسی سەربازی لە سووریاوە گەیشتوونەتە سعوودیە.

لە بەرامبەردا، دیپلۆماتکارێکی باڵای سووریا لەبارەی دەنگۆی جێگیرکردنی هێز گوتی: هەر ئاماژەیەک بە جێگیرکردنی ئەندامانی سەربازی لەم قۆناخەدا پێشوەختەیە". جەختی لەوە کردەوە ئێستا سەرنجی سووریا لەسەر ئاسایشی ناوخۆ، پاراستنی سنوورەکان و ئاوەدانکردنەوەیە، بەڵام هاوکات روونی کردەوە ئەو رێککەوتنە بەرگرییەی رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە نێوان دیمەشق و ریاز واژۆ کرا، بە دیاریکراوی پشتیوانیی راوێژکاری، مەشقپێکردن و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان لەخۆدەگرێ.

هاوکات بەرپرسێکی باڵای سعوودیە بە رۆیتەرزی راگەیاند، پرۆسەی ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان لە بنەڕەتدا بە ئامانجی رێکخستنەوەی پێکهاتەی هێزەکانی سووریایە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە هاوبەشە سوورییەکانمان بە ئەزموونی شەڕکردنی خۆیان لە رووبەڕووبوونەوەی گرووپە چەکدارەکاندا هاوکاریمان ناکەن"، ئاماژەی بەوەش کرد مەشق و راهێنانی هاوبەش لەنێوان هەردوولادا لە ئارادایە و پلانی زیاتریش لە بواری ئەمنی و بەرگریدا هەیە.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە رۆژی چوارشەممەی رابردوو، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە ریاز لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە کۆبووەوە و رێککەوتنی بەرگری لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کرا. سەرەڕای ئەوەش، بەرپرسە باڵاکەی ئەمریکا هۆشداری داوە لەوەی واشنتن داوای لە دیمەشق کردووە بە وریاییەوە هەنگاو بنێت، چونکە هەر بەشداریکردنێکی سووریا لە شەڕی یەمەندا مەترسیی راکێشانی ئەو وڵاتەی بۆ ناو جەنگێکی بەرفراوانتری ناوچەیی لێدەکەوێتەوە.

لە پاڵ کەرتی سەربازیدا، سعوودیە پشتیوانیی دارایی پێشکەش بە دیمەشق دەکات؛ رۆژی چوارشەممە سندووقی گەشەپێدانی سعوودی شەش رێککەوتنی بە بەهای زیاتر لە 403 ملیۆن دۆلار لەگەڵ وەزارەتی دارایی سووریا واژۆ کرد بە مەبەستی پێدانی قەرزی ئاسانکاری بۆ پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاری.

هاوکات، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە لێدوانێکدا لە بەحرێن ئاشکرای کرد، گفتوگۆ هەیە بۆ چوونە پاڵ رێککەوتننامەی مەککە (کە پێشتر لە نێوان سعوودیە، پاکستان و تورکیا واژۆ کراو) و جەختی کردەوە: سووریا ئاسایشی کەنداو بە بەشێک لە ئاسایشی هەرێمیی خۆی دەزانێت و ئاسایشی سووریاش بەشێکە لە ئاسایشی کەنداو. ئێمە لە تەنیشت گەلان و حکوومەتەکانی کەنداو دەوەستین بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و ئەو میلیشیایانەی سنوورەکان دەبەزێنن."