لە وڵاتێک ئاهەنگی سەری ساڵ قەدەغە دەکرێت
پێنجشەممە، 12ـی کانوونی یەکەمی 2024، بەرپرسانی ڕۆژهەڵاتی لیبیا هۆشدارییان بە هاووڵاتیان دا کە نابێت بەبۆنەی سەری ساڵ ئاهەنگ بگێڕن، هەروەها هەڵمەتێکیشیان دەست پێ کردووە بۆ دەستبەسەرداگرتنی بەرهەمەکانی پەیوەست بەو ئاهەنگانە.
پاسەوانانی شارەوانی لە شاری بەنغازی دوای هەڵمەتێکی پشکنینی دوکانەکان دەستیان بەسەر کۆمەڵێک یاریی و جوانکاریی و کەلوپەلی پەیوەندیدار بە ئاهەنگی سەری ساڵدا گرت.
پاشان لە بەیاننامەیەکدا، خاوەن دوکانەکانی ئاگادار کردووەتەوە لە فرۆشتن یان بازرگانیکردن بە یاری و بەرهەمەکانی پەیوەست بە ئاهەنگەکانی سەری ساڵ، چونکە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای شەریعەتە.
جەختیشی کردەوە، هەر فرۆشگایەک خاوەنەکەی لەکاتی فرۆشتنی ئەو بەرهەمانە دەستگیر بکرێت، ڕێوشوێنی یاسایی توندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر و دەستیش بەسەر بەرهەمەکانیدا دەگیرێت.
ئەم بڕیارە کاردانەوەی جیاوازی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتەوە، کە هەندێک کەس پشتگیریان لە قەدەغەکردنەکە کردووە و بەشێکی دیکەش ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر ئەو بڕیری قەدەغەکردنە دەربڕیوە، بەتایبەتی کە لیبیا کۆمەڵگەیەکی نەتەوەی جیاوازی تێیدایە.
بەشێک لەناڕازییەکان ناڕازین، داوایان لە هێزە ئەمنییەکان کردووە هەوڵەکانیان زیاتر بکەن و سەرنجیان لەسەر چاودێریکردنی ڕێگاکانی دابەشکردنی ماددە هۆشبەرەکان و کاڵا قاچاخەکان بێت، لەبری ئەوەی شانازی بە دەستبەسەرداگرتنی یاری و جوانکاریی و بەرهەمەکانی سەری ساڵدا بگرن.