ژمارەیەک حەشارگەی داعش لە چیای حەمرین کرانە ئامانج

چیای حەمرین
چیای حەمرین

شانی ڕاگەیاندنی ئەمنیی ڕایگەیاند: هێزی ئاسمانیی عێراق، 8 حەشارگەی تیرۆرستانی داعشی لە چیای حەمرین لە باشووری کەرکووک کردە ئامانج.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ـی کانوونی یەکەمی 2024، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی، لەمیانەی ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بە پشت بەستن بە زانیاری دەزگە و فەرمانگەکانی هەواڵگریی عێراق، توانرا چەند حەشارگەیەکی تیرۆستانی داعش لە چیای حەمرین لە باشووری کەرکووک دەستنیشان بکرێت.

شانەکە ڕایگەیاند: هێزی ئاسمانیی عێراق، 8 حەشارگەی ئەو تیرۆرستانەی لە چیای حەمرین بۆردومان کرد. هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، بەردەوام دەبن لە گەڕان بە دوای شانە نوستووەکانی داعش و بە ئامانجیان دەگرن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، چوارشەممە 11ـی کانوونی یەکەمی 2024، هێزی ئاسمانیی عێراق بە بەکارهێنانی فڕۆکەی ئێف 16 مەفرەزەیەکی تیرۆرستانی لە دۆڵی شای لە کەرکووک کردە ئامانج. 

هێرشەكەش بووە هۆی لەناوبردنی چەك و كەرستەی سەربازیی كە لەبەر دەستی ئەو مەفرەزەیەدا بووە.