ئوردن.. لە ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا زیاتر لە 60 بەساڵاچوو بوونە قوربانی
لە ئوردن ئاگرێکی گەورە کە لە خانەی بەساڵاچووان کەوتەوە دەیان کەس بەوهۆیەوە گیانیان سپارد و برینداربوون.
ئەمڕۆ هەینی، 13ـی کانوونی یەکەمی 2024، کەناڵی 'ڕوئیا'ـی ئوردنی بڵاویکردەوە، ئاگر لە نهۆمی یەکەمی سەنتەری کۆمەڵەی خێزان بۆ چاودێری بەساڵاچووان کەوتەوە، کە 111 کەسی بەساڵاچووی تێیدا نیشتەجێیە، کە لە ئەنجامی ڕووداوەکە شەش کەس گیانیان سپارد و 55 کەسیش برینداربوون، کە برینی پێنجیان سەختە.
ئاماژەی بەوەش کرد، لێکۆڵینەوەکان لەسەر هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دەستی پێ کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی ئوردنی، پترا، پشتڕاستی کردەوە، ئەو خانەی بەساڵاچووان کە سووتاوە ڕووبەرەکەی 80 مەتر چوارگۆشە بووە.
لای خۆیەوە وەفا بەنی مستەفا، وەزیری گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی ئوردن ڕایگەیاند، "دەسەڵاتداران بەساڵاچووانەکانی دیکەیان گواستووتەوە بۆ ناوەندەکانی دیکە، بریندارەکانیش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی حکوومەت بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست".