سیپان شێروانی: کار بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی هەرێم لە بودجەی 2027 دەکەین
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، لیژنەیەک لە فراکسیۆنی پارتی لەگەڵ شاندێکی باڵای حکوومەتی فیدراڵ بە بەشداریی جێگری سەرۆکوەزیران، وەزیرانی نەوت، دارایی، شارەوانی و سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی کۆبووەتەوە؛ بە ئامانجی چەسپاندنی مافە دەستوورییەکان و چارەکردنی ریشەیی کێشەی مووچە و پشکی هەرێمی کوردستان لە رەشنووسی بودجەی 2027ـدا.
هەینی، 6ـی تشرینی دووەمی 2026، سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ناوەرۆکی کۆبوونەوەی لیژنەیەک لە فراکسیۆنی پارتی لەگەڵ شاندێکی باڵای حکوومەتی فیدراڵ، بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 ئاشکرا کرد.
سیپان شێروانی، رایگەیاند: دوێنێ لیژنەیەکی فراکسیۆنەکەیان لەگەڵ لیژنەیەکی باڵای حکوومەتی فیدراڵ کۆبووەتەوە، کە پێکهاتبوو لە جێگری سەرۆکوەزیران، وەزیرانی نەوت، دارایی، شارەوانی و سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ.
شێروانی ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە، چارەکردنی یەکجارەکیی کێشەی مووچە و زامنکردنی پشکی هەرێمی کوردستان بووە لە بودجەی ساڵی 2027ـدا. لەو چوارچێوەیەشدا، بە درێژی گفتوگۆ لەسەر ئەو ماددە و بڕگانە کراوە کە پەیوەستن بە هەرێمی کوردستانەوە، هاوکات سەرجەم تێبینی و بۆچوونەکانی خۆیان خستووەتەڕوو بە مەبەستی زامنکردنی تەواوی ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، لە رەشنووسی بودجەدا.
ئەو پەرلەمانتارە روونی کردەوە، "لە کۆبوونەوەکەدا، بە شێوەیەکی گشتی تێبینییەکانی خۆمان لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە رەشنووسی بودجەدا گەیاندووەتە وەزیری دارایی فیدراڵ، تاوەکو رەشنووسەکە بە جۆرێک دابڕێژرێتەوە کە مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی تێدا زامن بکرێت."
شێروانی جەختی لەوەش کردەوە، داخوازیی سەرەکیی ئەوان ئەوە بووە کە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان گەرەنتی بکرێت، بە جۆرێک کە هیچ لایەن و کەسێک نەتوانێت بە بڕیاری سیاسی یان میزاجی کەسی کێشە و ئاستەنگ بۆ خەرجکردن و ناردنی مووچە دروست بکات.
سەبارەت بە دۆسیەی نەوت و هەناردەکردن، سیپان شێروانی گوتی: "لە کۆبوونەوەکەدا دووپاتمان کردەوە کە پێویستە داواکارییەکانی حکوومەتی فیدراڵ لەسەر پرسی نەوت، لە ئاستی توانای جێبەجێکردنی هەرێمی کوردستاندا بێت و مەرجی قورس نەخەنەڕوو؛ بە تایبەت کە هەمووان ئاگادارن هەرێمی کوردستان ئێستا توانای بەرهەمهێنانی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی نییە، بۆیە پێویستە ئەم پرسە بە شێوازێکی واقیعی یەکلایی بکرێتەوە تا لە داهاتوودا سەر نەکێشێت بۆ دروستبوونی کێشە لە شایستە داراییەکان و مووچەی هاووڵاتییاندا."
ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی پارتی ئاشکرای کرد، کە پرسی داهاتی نانەوتی تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بووە؛ گوتیشی: گفتوگۆ و هەوڵەکان بەردەوام دەبن تاوەکو پێش ناردنی رەشنووسەکە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بگەینە رێککەوتنێکی هاوبەش و تێبینییەکانی هەرێمی کوردستان لە ناوەرۆکی رەشنووسی بودجەدا جێگیر بکرێن.
لە 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، کوردستان24 وەک یەکەم میدیا رەشنووسی بودجەی 2027ـی عێراقی بڵاوکردەوە، کە بەپێی رەشنووسی بودجە حکوومەتی عێراق خەرجییە گشتییەکانی بە 217 ترلیۆن دینار و داهاتەکانی بە 174 ترلیۆن دینار خەمڵاندووە و پشکی هەرێمی کوردستانیش کەمکراوەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدیە قەبارەی گشتیی بودجە و داهاتەکان گۆڕانکارییان بەخۆیانەوە بینیوە، نیگەرانی و سەرنجەکان لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان چڕ بوونەتەوە؛ بە جۆرێک کە جگە لە تەرخانکردنی بودجەی تەشغیلی، هیچ بڕەپارە یان پڕۆژەیەک بۆ دامەزراندن و پەرەپێدانی هەرێم لە رەشنووسەکەدا دیاری نەکراوە.
پەیوەست بە هەرێمی کوردستان، تەنیا بودجەی تەشغیلی نووسراوە کە ئەویش کەمترە لەوەی بەشی تەواوی مووچە بکات و کەمترینی پێنج ساڵی رابردووە.
پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیدا 13.308 ترلیۆن دینارە. ئەمەش لە کاتێکدایە ئەو بڕە لە ساڵی 2023ـدا 16.498 ترلیۆن دینار بووە، واتە بە رێژەی 19.3% کەمی کردووە. هەروەها لە ساڵی 2021ـدا 11.482 ترلیۆن دینار بووە.
رێژەی ئەو بڕە پارەیەی بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە لە کۆی گشتیی خەرجییەکان 6.1%ـە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2023ـدا 8.3% و لە ساڵی 2021ـدا 8.8% بووە. سەبارەت بە بودجەی وەبەرهێنان، بڕەکەی 0.499 ترلیۆن دینارە، بەرامبەر بە 2.784 ترلیۆن دینار لە ساڵی رابردوودا. هاوکات بڕی نەوتی هەرێمی کوردستان کە لە داهاتەکاندا جێگیر کراوە، وەک ساڵی 2023 بە 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا ماوەتەوە، هەر چەندە لە دوای هێرشەکانەوە ئەو بڕە نەوتە لە هەرێمی کوردستان هەناردە ناکرێت.