21 ساڵ بەسەر دەستگیرکردنی سەدام حوسێن دا تێدەپەڕێت
![ساتی دادگایی کردنی سەدام حوسێن](https://d2wqffb2bc8st5.cloudfront.net/images/1734080848_kurdistan24.jpg)
13ـی کانونی یەکەمی 2003 ئەو ڕۆژە بوو کە سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووی ڕژێمی عێراق دەستگیرکرا، ڕووداوێک بوو کە وەرچەرخانێکی یەکلاکەرەوەی مێژوویی لە عێراق ڕوویدا.
دوای نۆ مانگ لە ڕووخانی ڕژێمەکەی سەدام لە مانگی نیسانی ساڵی 2003، سەدام حوسێن لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ئەمەریکادا لە گوندێکی نزیک شاری تکریت دەستگیرکرا.
سەدام حسێن دوای هەوڵە هەواڵگرییەکان کە چەند مانگێکی خایاند، هەروەها بەدواداچوون بۆ ئەندامانی خێزانەکەی و ئەو کەسانەی نزیک لە خۆی بوون، دەستگیرکرا.
شەوی 13ی کانوونی یەکەم، هێزەکانی ئەمەریکا هەڵیانکوتایە سەر کێڵگەیەک لە شارۆچکەی دورە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تکریت، چونکە سەدام حوسێن لەوێ خۆی لە چاڵێکدا حەشاردابوو، دەمانچەیەک و 750 هەزار دۆلاری کاشیشی پێبوو، لەوکاتەدا دەستگیرکرا.
هەواڵی دەستگیرکردنی سەدام حوسێن کاردانەوەی زۆری بەخۆیەوە بینی، بەو پێیەی بەشێکی زۆری عێراقییەکان خۆشحاڵ بوون بەوەی کۆتایی بە سەردەمێکی ستەمکارانەی ئەو سەرۆکە هات، کە زیاتر لە 24 ساڵی خایاند، لەلایەکی دیکەشەوە بەشێک لە لایەنگرانی ڕژێمی پێشوو دڵتەنگ و توڕە بوون، دەستگیرکردنی سەدامیشیان بە زەلیلکردن زانی بۆ وڵاتەکە.
دوای دەستگیرکردنی، سەدام حوسێن گواسترایەوە بۆ دادگایەکی تایبەتی عێراق بۆ ئەوەی دادگایی بکرێت لەسەر ئەو تاوانانەی کە لە ماوەی حوکمڕانیدا کردوویەتی.
لە دادگاییکردنەکە تیشک خرایە سەر دۆسیەی کۆمەڵکوژی دوجەیل لە ساڵی 1982 کە تێیدا 148 کەس لە ئەنجامی هەوڵی کوشتنی سەدام کوژران.
لە 5ی تشرینی دووەمی 2006 سەدام حوسێن سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
سزاکە لە 30ـی کانوونی یەکەمی ساڵی 2006 لە ڕۆژی جەژنی قورباندا جێبەجێ کرا، لەو کاتەشدا مشتومڕ لەسەر کاتی لەسێدارەدانەکەدا دروست بوو.
ئەو سێ شەڕە کارەساتبارە گەورەیەی ڕژێمی سەدام ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ژیانی عێراقییەکان هەبوو، لەوانە شەڕی ئێران و عێراق 1980-1988 کە سەدان هەزار کوژراو و برینداری لێکەوتەوە و بارگرانی لەسەر ئابووری عێراق دروستکرد.
شەڕی دووەمی کەنداو لە 1991 کاتێک هێرشی کردە سەر کوەیت، کە بەهۆی سەپاندنی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان بەسەر عێراقدا ژێرخانی وڵات وێران بوو، شەڕی تیرۆر و سەرکوتکردنی ناوخۆ، لەوانەش ئەنفال دژ بە گەلی کورد، کە تیایدا چەکی کیمیاوی بەکارهێنا و دەیان هەزار کەسی کوشت.
سەپاندنی سزا نێودەوڵەتییەکان دوای هێرشەکەی بۆ سەر کوێت، ژیانی عێراقییەکانی لە ساڵانی نەوەدەکاندا زۆر قورس کرد، بەهای دراوی عێراقی داڕما، هەژاری و برسێتی بە هۆی گەمارۆی ئابوورییەوە بڵاوبووەوە، خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک تەندروستی و پەروەردە تێکچوو.