گەورەترین "پیتزا" لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان لە خواردنگەیەکی حاجیاوا دروست کرا

گەورەترین "پیتزا" لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان (وێنە: ئاراس ئەمین - کوردستان24)
گەورەترین "پیتزا" لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان (وێنە: ئاراس ئەمین - کوردستان24)

لە خواردنگەیەکی حاجیاوا گەورەترین "پیزا" لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان دروست کرا. ئامادەکارێکی پیزاکە دەڵێت: بەنیازین ساڵی داهاتوو دانەیەکی گەورەتر دروست بکەین بۆ ئەوەی ناوەکەی بچێتە نێو کتێبی گینس. 

شەممە، 14-12-2024، لە یەکێک لە خواردنگەکانی ئامادەکردنی ژەمی خێرا (فاست فوود) لە قەزای حاجیاوا، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین، گەورەترین "پیزا" لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان دروست کرا. 

وەستا شاڵاو نادر، کە 13 ساڵ ئەزموونی لە دروستکردنی پیتزادا هەیە و لەو خواردنگەیەی حاجیاوا کار دەکات، بە ئاراس ئەمین، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "پیزاکە دوای برژاندن و ئامادەکردنی، پێشکەشی ژمارەیەک ژینگەپارێزانی ئەو قەزایە دەکرێت."

 وەستا شاڵاو نادر، باسی لەوەش کرد، پیزاکە لە جۆری "تێکەڵاوە" و زیاتر لە 50 کیلۆ ئارد، 45 کیلۆ پەنیر، 25 کیلۆ گۆشتی مریشک، زێدەباری 30 کیلۆ تەماتە، بیبەری تیژ، زەیتوون و چەندان پێداویستیی دیکە لە ئامادەکردنیدا بەکار هێنراون. 

درێژیی پیزاکە، وەکوو ئەوەی ئەو وستایە ئاماژەی پێ دا، حەوت مەتر و 20 سانتیمەترە و 130 سانتیمەریش پانە. ئەوەشی خستە ڕوو، لە پلانیاندایە، ساڵی داهاتوو پیزایەکی گەورەتر دروست بکەن، تاوەکوو ناوەکەی بچێتە نێو کتێبی "گینس"ـی ژمارە پێوانەییەکان.