ڕۆژانە زانیاریی 100 ئاوارە بۆ دەرهێنانی کارتی نیشتمانی تۆمار دەکرێن
پرۆسەی تۆمارکردنی زانیاریی ئاوارەکان بۆ دەرهێنانی کارتی نیشتمانی لەنێو کەمپەکان دەستی پێ کرد. ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتیش دەڵێت: ڕۆژانە زانیاریی نزیکەی 100 ئاوارە تۆمار دەکەین.
ڤیان دەخیل، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "لە ئەمڕۆ دووشەممەوە، 16-12-2024، پرۆسەی تۆمارکردنی زانیاریی ئاوارەکان بۆ دەرهێنانی کارتی نیشتمانی، لەنێو کەمپەکان دەستی پێ کرد."
ڤیان دەخیل، ئاماژەی بەوەش کرد "سەرەتا لە کەمپی شاریای سنووری پارێزگای دهۆک دەستمان پێ کردووە و دواتر پرۆسەکە لە کەمپەکانی دیکەش بەردەوام دەبێت." گوتیشی: "بە هاوکاریی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ڕەگەزنامە و پاسپۆرتی گشتیی پارێزگای دهۆک، ڕۆژانە زانیاریی نزیکەی 100 ئاوارە بۆ کارتی نیشتمانی تۆمار دەکەین."
لەبارەی چۆنییەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی گوتی: "ناو و تەواوی زانیاریی ئاوارەکان لەلایەن تیمێک کە لە نوێنەرانی ژمارەیەک دامودەزگا پێک هاتووە، تۆمار دەکرێن. دوای دوو ڕۆژ لە تۆمارکردنی زانیارییەکان، دەبێت ئەو ئاوارانە بچنە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕەگەزنامە و پاسپۆرتی دهۆک تاوەکوو پەنجەمۆریان تۆمار بکەن. 10 ڕۆژیش دواتر، کارتی نیشتمانییان بۆ دەردەهێندرێت و ئێمەش بۆیان دەبینەوە ناو کەمپەکان."
بە گوتەی ڤیان دەخیل "لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئاوارەکانی نیشتەجێی کەمپەکانی سنووری پارێزگای دهۆک، دەبووایە بۆ دەرهێنانی کارتی نیشتمانی، سەردانی شنگالیان کردبایە، ئەمەش کێشەیەکی گەورە بوو بۆیان، لەبەر چەند هۆیەک، لەنێویشیاندا دووریی ڕێگە، خراپی دۆخی ماددی و کۆمەڵایەتی."