عێراقچی: ئاسایشی ناوچەکە بە بێ دەستێوەردانی دەرەکی بەدی دێت

وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە کۆبوونەوەی چوارقۆڵی بەرپرسانی بەرگری و ئاسایشی ئێران، تورکیا، سعوودیە و پاکستان کە لە تاران بەڕێوەچوو، رایگەیاند، ئاسایشی بەردەوام پەیوەستە بە بەرپرسیارێتیی بەکۆمەڵەوە.

عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند؛ ئەم کۆبوونەوەیەی ئێران، سعوودیە، پاکستان و تورکیا، دەرفەتێکی بۆ بەرەوپێشبردنی وتووێژ سەبارەت بە ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوەی بەکۆمەڵی هەڕەشە و تەنگژەکان رەخساند. رێککەوتنی بەردەوامبوون لەم راوێژکارییانە، هەنگاوێکی بەرچاوە بۆ پێشەوە.

گۆڕینی ئەم دەرفەتە بۆ هاوکاریی بەردەوام، پێویستی بە رێککەوتن هەیە لەسەر بنەما سەرەکییەکان و بنیاتنانی متمانە و رێزگرتن لە سەروەریی نیشتمانی و پابەندبوونی کردەیی.

لە روانگەی ئێرانەوە، ئاسایشی بەردەوام دەبێ بە بەشداریی گەلانی ناوچەکە و بەبێ ئامادەیی سەربازی یان دەستێوەردانی زلهێزەکانی دەرەوەی ناوچەکە بەدی بێت. ئەم رێبازە پشتی بەو بنەمایە بەستووە کە دەوڵەتە ناوچەییەکان بەرپرسیارێتیی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان لە ئەستۆ دەگرن.

لە هەمان چوارچێوەدا، بەرەنگاربوونەوەی چالاکییە خراپەکان و دەستدرێژییەکانی رژێمی زایۆنی، پێویستییەکی بنەڕەتییە بۆ بەرگریکردن لە سەربەخۆیی و سەروەریی گەلان و پێشگرتن لە فراوانبوونی شەڕ، بەو پێیەی دراوسێکان لە پێشینەی کارەکانی ئێرانن.