عەلی زەیدی بەرەو دیمەشق بەرێکەوت

ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی زەیدی سەرۆکی حکوومەتی عێراق بەرەو دیمەشق بەرێکەوت.

لەوبارەوە حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق رایگەیاند، لە پێناو بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و فراوانکردنی ئاسۆکانی هاریکاری، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە سەرۆکایەتی شاندێکی فەرمیی باڵا بەرەو کۆماری عەرەبیی سووریا بەڕێکەوت.

گوتیشی: بڕیارە لەم سەردانە فەرمییەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا بکات.  تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە بریتی دەبن لە تاوتوێکردنی داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و دیمەشق، پێشهاتەکانی ناوچەکە و لێکەوتەی رووداوە جیۆسیاسییەکان لەسەر هەردوو وڵات.

حەیدەر عەبوود ئاماژەی بەوەش دا، دۆسیەی ئابووری و بازرگانی تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان دەبێت و دەبێتە یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی کۆبوونەوەکان. ئامانج لەم هەنگاوە، گۆڕینی پەیوەندیی دراوسێیەتیی نێوان عێراق و سووریایە بۆ هاوبەشییەکی ئابووری و وەبەرهێنانی ستراتیژی، بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو گەل بکات و دەرفەتی نوێ بۆ گەشەپێدان بڕەخسێنێت.

ەاشیگەیاند، ئەم سەردانە گوزارشت لە دیدگای حکوومەتی ئێستای عێراق دەکات بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتی هاوسەنگی، کرانەوە و گفتوگۆ. هەروەها جەخت لەسەر دروستکردنی پەیوەندییەکی ئەرێنی لەگەڵ دیمەشق دەکاتەوە کە لەسەر بنەمای رێزی دوولایەنە و لێکتێگەیشتنی هاوبەش بێت، بە ئامانجی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەردوو وڵاتی دراوسێ و ناوچەکە بەگشتی.

دوای رووخانی رژێمی ئەسەد و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوخۆی سووریا، وڵاتانی ناوچەکە و بە تایبەتی عێراق دەیانەوێت پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابوورییەکانیان لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی دیمەشق رێکبخەنەوە. سنووری درێژی نێوان هەردوو وڵات و بوونی هەڕەشە ئەمنییەکان، وای کردووە هەماهەنگیی ئەمنی لە پێشینەی کارەکانی هەردوو حکوومەت بێت.