لەم هەفتەیە گەشتە ئاسمانییەکانی دیمەشق دەست پێ دەکەنەوە

بەهائەدین شەرم، وەزیری گواستنەوەی سووریا ڕایگەیاند: لەم هەفتەیەدا گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی دیمەشق دەست پێ دەکەنەوە، داواش لە وڵاتان دەکات، گەشتەکانیان بۆ دیمەشق دەست پێ بکەنەوە.
دووشەممە 16ـی کانوونی یەکەمی 2024، بەهائەدین شەرم، وەزیری گواستنەوەی سووریا ئاشکرای کرد، داوایان لە تەواوی فەرمانبەرانی فڕۆکەخانەی دیمەشق کردووە بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان، چونکە ئەم هەفتەیە فڕۆکەخانەکە دەست بە گەشتە ئاسمانییەکانی خۆی دەکاتەوە.
پێشتر فڕۆکەخانەکە دروشمێکی بڵاوکردەوە بەناوی(نوتام) ئەوەش بەمانای سەلامەتی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ گەشتیاران دێت، بۆیە تەواوی گەشتە ئاسمانییەکانی تا 18ـی کانوونی یەکەم هەڵپەسارد.
بەپێی ئەو دروشمە، تەواوی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی دیمەشق لە چوون و هاتن ڕاگیران تاکوو 18ـی کانوونی یەکەم کاتژمێر 19:00 کە فڕۆکەخانەکە دەست بەکارەکانی دەکاتەوە.
ئەنیس فلوح، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق ڕایگەیاند: فڕۆکەخانەکەیان چەند ڕۆژێکی دیکە دەست بە گەشتە ئاسمانییەکانی دەکاتەوە کە لەگەڵ ئۆپەراسیۆنەکانی کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد وەستابوون.