لە سووریا گۆڕێکی بە کۆمەڵ دۆزراوەتەوە ڕوفاتی زیاتر لە 100 هەزار کەسی تێدایە

ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤی سووریا کە بنکەکەی لە ئەمەریکایە، ڕایگەیاند، گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە دەرەوەی دیمەشق ڕوفاتی زیاتر لە 100 هەزار لەو کەسانەی تێدایە کە لە سەردەمی حکوومەتی بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشووی سووریادا کوژراون.

مەعاز مستەفا، سەرۆکی ڕێکخراوی فریاکەوتنی سووریا لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز لە دیمەشق ڕایگەیاند "لە دووریی 40 کیلۆمەتر لە ئەلقەتیفە لە باکوری پایتەختی سووریا، گۆڕێکی بەکۆمەڵیان دۆزیوەتەوە کە یەکێکە لەو پێنج گۆڕە بەکۆمەڵانەی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا دەستنیشانیان کردووە."

ئاماژەی بەوەش کردووە، گۆڕەکە زیاتر لە 100 هەزار جەستە مردووی تێدایە.

مستەفا باسی لەوەش کرد "دڵنیایە لەوەی گۆڕی بەکۆمەڵ زیاتری هەن کە هاووڵاتیی سووری، ئەمەریکی، بەریتانی و کەسانی دیکەشیان تێدایە."

مەزەندە دەکرێت لە ساڵی 2011وە تا ئێستا سەدان هەزار سووریایی کوژرابن، کە لە ڕابردوودا ناڕەزایەتییان لە دژی دەسەڵاتی ئەسەد دەربڕیووە.

هەروەها لە ڕابردووشدا، ئەسەد چەندان جار ڕەتی کردووەتەوە حکوومەتەکەی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤی کردبێت.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment