ڤێتنام: ئاگر لە باڵەخانەیەک کەوتەوە و 11 کەس مردن

پۆلیسی هانۆی ڕایگەیاند، دوێنێ شەو 18ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئاگر لە کافێیەکی کارایۆکی شاری هانۆی کەوتەوە، لە ئەنجامدا 11 کەس مردوو و دوو کەسی دیکەش بریندار بوونە.
پۆلیسی پایتەختی ڤێتنام لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە "نزیکەی کاتژمێر 11 شەو بەکاتی ناوخۆی ڤێتنام، ڕاپۆرتیان پێگەیشتووە کە ئاگر لە باڵەخانەیەک کەوتووتەوە و خەڵک تێیدا گیریان خواردووە، بۆیە گومانیان هەیە کەسێک ئاگرەکەی کردبێتەوە و بەو هۆیەشەوە تۆمەتبارێکیان دەستگیر کردووە."
ئاگرەکە لە باڵەخانەیەکی چەند نهۆمی لە ڕۆژاوای هانۆی کەوتووەتەوە و بەشێکی زۆری باڵەخانەکەی وێران کردووە.
تیمەکانی فریاگوزاری بەپەلە گەیشتنە شوێنەکە و توانیان حەوت کەس ڕزگار بکەن و دوو کەس بۆ تیمارکردن گەیەنراونەتە نەخۆشخانە.
هەروەها تیمەکانی فریاکەوتن تەرمی 11 کەسیان لە ناو کافێیەکەدا دەرهێنایەوە.
شایەتحاڵەکان بە مێدیای فەرمییان ڕاگەیاندووە "ئاگرەکە هێندە گەورە بووە، کەس نەیوێراوە هەوڵی ڕزگارکردنی ئەو کەسانە بدات کە لەناوەوە گیریان خواردووە."
Cháy quán cà phê 11 người chết ở Hà Nội, nghi phạm phóng hỏa bị bắt và khởi tố#cháy #HaNoi #tinnong pic.twitter.com/f9upSsgcGT
— Báo Tuổi Trẻ (@bao_tuoitre) December 19, 2024