بەشێکی شەقامی 120 مەتریی هەولێر نۆژەن دەکرێتەوە
شەقامی 120 مەتریی هەولێر لە ڕێگەی مووسڵ تا ڕێگەی شەقڵاوە نۆژەن دەكرێتەوە.
فەرمانگەی مێدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە: "شەقامی 120مەتریی هەولێر كە یەكێكە لە شەقامە ستراتیژییەكان و زۆرترین هاتوچۆ و جووڵەی لەسەرە، لەلایەن سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێرەوە نۆژەن دەكرێتەوە."
لەم قۆناغەی پرۆژەكەدا، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "كاری ڕێكخستن و چاككردنەوەی شەقامی 120مەتریی هەولێر لە ڕێگەی مووسڵ تا ڕێگەی شەقڵاوە دەكرێت و گوژمەكەشی 429 ملیۆن دینارە و لەسەر ڕێژەی 15%ی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر دابین دەكرێت."
لە بڵاوکراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە "جگە لەو پرۆژەیە، ئێستا لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێردا ژمارەیەك پرۆژەی دیكەی خزمەتگوزاری لە قۆناغی جێبەجێكردندان و پرۆسەی گەیاندنی خزمەتگوزاریی جۆراوجۆر بۆ ئەو شوێنانەی پێویستیان پێیەتی، لە لایەن شارەوانییەوە بەردەوامە."